پۆلیسی سنوور 27 کۆچبەریان لەنێو دوو بارهەڵگردا دۆزییەوە، کە خۆیان حەشاردابوو، دەستەڵاتداران ئاماژە بەوە دەکەن، کە بەنیازبوون لە رێی هەنگاریاوە بپەڕنەوە ناو یەکێتی ئەوروپا.
پۆلیسی ڕۆمانیا نزیکەی 27 کۆچبەریان دەستگیرکرد دوای ئەوەی بە نایاسایی هەوڵیاندا لە سنووری هەنگاریا و لەنێو دوو بارهەڵگردا خۆیان حەشاردابوو، تا بپەڕنەوە ئەوروپا، کۆچبەرەکان بریتی بوون لە، بەنگلادیشی، ئێریتریایی، سریلانکی و پاکستانی، کە تەمەنیان لەنێوان 21 بۆ 67 ساڵیدا بووە.
بەگوێرەی میدیاکانی ناوخۆ، لە دەروازەی سنووری نادڵەک و لەکاتی پشکنینی بارهەڵگرێک کە خەریک بوو ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت، دەرکەوتووە 16 کۆچبەر لەنێوان ئەو کەلوپەلانەی دەگوازرێنەوە شاردراونەتەوە.
پۆلیس ئەو کۆچبەرانەی گواستەوە بۆ بنکەی پۆلیسی ئەرەدا بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر، چونکە دەرکەوت کە خەڵکی بەنگلادش و ئێریتریا بوون.
هەروەها 11 کۆچبەری دیکەی سریلانکی و پاکستانی لە بارهەڵگرێکی دیکەدا دۆزرانەوە، کە هاوڵاتییەکی ڕۆمانی شۆفێریان بووە.
جێی باسە، لەم ساڵانەی دواییدا ئەو کۆچبەرانەی پلەی یەکەمیان لە لیستەکانی گەیشتنی ڕۆمانیا هەبووە وەک لە سەرەتای قەیرانی کۆچبەران لە ساڵی 2015دا، کۆچبەرانی سوریا و عێراق لە لوتکەی ئەو لیستەدا بوون، بەڵام دواتر کۆچبەرانی ئەفغانی بە پلەی یەکەم هاتن تا لەو وڵاتەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا.