گەنجێکی کاکەیی کورد، دوای رفاندن پاشان ئازادکردنی، جارێکی دیکە ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، سینا کاکەیی، هاوڵاتیی خەڵکی شاری کرماشان، جارێکی دیکە لە ڕاپەڕین و بەرخودانی خەڵکی ئەو شارە، لەلایەن هێزە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕفێندراوە و، بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بە وتەی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی کاکەیی، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووس و بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی سینا کاکەیی لە بەردەستدا نییە.
سینا کاکەیی، پێشتریش ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی سینا نادری، یەکێ لە گیانبەختکردووەکانی ڕاپەڕین و بەرخودانی شاری کرماشان، لە گەڕەکی “دەرەدرێژ”ی ئەو شارە و لەلایەن هێزەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ گرتووخانەی دیزڵئاوا گوازرایەوە.
ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بەردەوام لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەکاندا بووە و، لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەشکراوە.
ناوبراو، ڕۆژی شەممە، ۵ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردووش جارێکی دیکە دەستبەسەر کراوە و، بە بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
سینا کاکەیی لەلایەن ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی” و “هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی” دراوەتە پاڵی.