تورکیا لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی ڕێگری لە دزەپێکردنی نزیکەی دوو ملیۆن کۆچبەر بۆ نێو خاکەکەی بکات، ئاژانسی ئەنادۆڵو بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاند، کە لە ساڵی 2018ەوە دزەکردنی ملیۆنێک و 928 هەزار و 947 کۆچبەری نایاسایی رێگرییان لێکراوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، کە لە ماوەی ساڵی 2022دا 278 هەزار و 313 کۆچبەر دەستگیرکراون، کە 48,165 کەس لە دەریادا بوون، ئەوەش لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەرانی نایاسایی، هەروەها دەستگیرکردنی 8788 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی کۆچبەران، لەلایەکی دیکەوە ژمارەی ئەو سوریانەی لە تورکیا دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، گەیشتە 538,654 کەس.
جێگای ئاماژەیە، کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی بەرگری تورکیا و سوریا لە ڕۆژی چوارشەممە (28ی کانوونی یەکەمی 2022)، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکدا لە مۆسکۆ لەگەڵ هاوتا ڕوسیەکەیان و، لە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمیدا لەم ئاستەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشقدا، وەزارەتی بەرگری ڕوسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کە لە مۆسکۆ گفتوگۆی سێ لایەنە لەنێوان وەزیرانی بەرگری فیدراسیۆنی ڕوسیا و کۆماری عەرەبی سوریا و کۆماری تورکیا ئەنجام دراوە.
لە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیدا: “ڕێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و پرسی پەنابەران تاوتوێکراون”.
وەزارەتەکە گوتی، وتووێژەکانی نێوان وەزیرانی بەرگری ڕوسیا سێرگی شیوگۆ و خلوسی ئاکار و عەلی مەحمود عەباسی سوریا، لەسەر ڕێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و پرسی پەنابەران، هەروەها هەوڵی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە توندڕۆکان گفتوگۆین کردووە.
ئەو وەزارەتە ئەوەشی وت: “لایەنەکان جەختیان لە سروشتی بنیاتنەرانەی دیالۆگ کردەوە لەو شێوازەی کە تێیدا سازکرابوو و، پێویستی بەردەوامبوونیشی هەیە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە سوریا”
وەزارەتی بەرگری تورکیا کۆبوونەوەکەی پشتڕاستکردەوە و لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کە وەزیری بەرگری خلوسی ئاکار و بەرپرسی هەواڵگری هاکان فیدان، لەگەڵ عەلی مەحمود عەباس وەزیری بەرگری سوریا و عەلی ماملوک بەرپرسی هەواڵگری لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی کۆبوونەتەوە، وتیشی: “کۆبوونەوەیەکی بنیاتنەرانە بووە و، باسی لە ڕێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و کێشەی پەنابەران و هەوڵە هاوبەشەکانی شەڕی گرووپە توندڕەوەکان لە سوریا کراوە”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە لایەنە تورک و ڕوسیا و سوریان رازی بوون لەسەر بەردەوامیدان بە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکان.