نید پرایس: سەرنجی واشنتۆن چیتر لەسەر بوژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوەکی نییە، بەڵکو پشتیوانیکردنە لە ئازادییە بنەڕەتییەکانی گەلانی ئێران و، زیاتربوونی هاوکارییەکانی تاران و مۆسکۆ لە شەڕی ئۆکرانیادا.
نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە خۆپیشاندانەکانی ئێران بەشێوەیەکی خۆڕسکانە و سنووری نەتەوەیی و جوگرافیان تێپەڕاندووە و هیچ سەرکردایەتییەکیان نییە، تا ڕادەیەکیش خۆپیشاندەران توانیویانە پەیامەکانیان بگەیەنن.
لەبارەی نامەی هاوبەشی ئەم دواییەی کەسایەتییە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە، پرایس وتی: “ئەوە بۆ گەلانی ئێرانە کە بڕیار لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی چالاکییەکەیان بدەن، هەروەها ئەرکی ئەمەریکایە کە پشتیوانی لە ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە و هەموو ئازادییەکانی خەڵکی بکات”.
ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا ئەوەشی خستەڕوو، کە چیتر جەختکردنەوەی واشنتۆن لەسەر بوژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوەکی نییە، بەتایبەتی لە مانگی ئەیلولەوە، بەڵکو بۆ پشتیوانیکردن لە ئازادییە بنەڕەتییەکانی گەلانی ئێران و زیادبوونی هاوکارییەکانی ڕژێمی ئێران و ڕوسیایە لە ئۆکرانیا.
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە کۆنگرەی ئەمەریکا سیناتۆری دیموکرات بۆب مێندێز، ستایشی ئازایەتی خۆپیشاندەرانی ئێرانی و بەردەوامبوونی خۆپیشاندانی دژ بەڕژێمی کرد، سەرەڕای ئەو سەرکوتە توندەی ئەو رژێمە دەیکات.
لە تویتێکدا ئەوەشی وت: “قەرەباڵغی هەفتە دوای هەفتە لە شوێنەکانی وەک زاهیدان و سیستان و بەلووچستان بەردەوامە وێڕای هەڵمەتە توندوتیژییەکان، کە سەدان کوژراوی لێکەوتەوە”.