هاوژینی زارا محمدی دەستگیرکرا

سەیوان ئیبراهیمی، چالاکوانی مەدەنی ناسراوی خەڵکی کامێران و، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی نۆژین، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٣ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، سەیوان ئیبراهیمی چالاکوانی مەدەنی خەڵکی کامێران، لەکاتێکدا بەمەبەستی بەدواداچوونی دۆسیەی هاوژینەکەی، واتا زارا محەمەدی، سەردانی دادگای شاری سنەی کردبوو، دەستگیرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنی ناوبراو و، ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی، لەبەردەستدا نییە، هاوکات شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیشی نادیارە.

سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی و، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی “نۆژین”ە.

شیاوی ئاماژە پێدانە، زارا محەمەدی، هاوژینی سەیوان ئیبراهیمی، پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستگیرکرا و، بەهۆی فێرکردنی زمانی کوردی، سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و، لە ئێستا لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شار سنە، ماوەی بەندکرانەکەی تێدەپەڕێنێت.

ڕەنگە بە دڵت بن