سزای لەسێدارەدانی دوو گەنجی کوردی خەڵکی بیجاڕی دەستگیرکراوی بەرخودان و ڕاپەڕینی جەماوەری شۆڕشی ژینا، بەبێ دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان جێبەجێ کرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٧ی جەنیوەری ٢٠٢٢)، سزای لەسێدارەدانی دوو کەسیان بە ناوەکانی محەمەد مەهدی کەرەمی و، سەید محەمەد حوسێنیان جێبەجێ کردووە، بەڵام لە هەواڵەکەدا ئاماژە بە شوێنی جێبەجێکردنی لەسێدارەدانی ئەو گەنجە کوردە نەکردووە.
لە دۆسیەی ئەو دوو بەندکراوەدا، لانی کەمی پێوەرەکانی دادگاییکردن و پێڕاگەیشتنی دادوەر بە دۆسیەکەیان بە بەشداری خۆیان لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی دادگادا، کە مافی بەرگرییان لە خۆیان هەبێت ڕەچاو نەکراوە و، تەنانەت پێوەرەکانی ناوخۆیی ئێران بۆ بەڕێوەچوونی ئەو دادگایەش ڕەچاو نەکراوە، وێڕای ئەوەش کە مافی هەبوونی پارێزەریان پێنەدراوە، لە دوایین چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیشیان بێبەری کراون و ڕێگەیان پێ نەدراوە دوایین ساتی ژیانیان، بنەماڵەکانیان ببینن و ماڵاواییان لێ بکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەنگاو؛ محەمەد مەهدی کەرەمی، تەمەن ٢٢ ساڵ و سەید محەمەد حوسێنی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی پارێزگای ئەلبۆرز بە سەرۆکایەتی دادوەر “مووسا ئاسف ئەلحەسنی”، بە تۆمەتی “فساد فی الارض، لە ڕێگەی تاوان بە دژی ئاسایشی ناوخۆیی” و، بە موحاربە (واتە شەڕ لە دژی خودا) سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی محەممەد مەهدی کەرەمی و سەید محەممەد حوسێنی و ١٣ هاووڵاتیی دیکە لەژێر ناونیشانی دۆ سییەی کوژرانی بەسیجییەک بەناوی ڕوحوڵڵا عەجەمیان، ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی سەرماوەز (٣٠ نۆڤەمبەر) بەڕێوە چووە کە لە دانیشتنی ئەو دادگایەدا محەممەد مەهدی کەرەمی وەکوو تۆمەتباری سەرەکی و سەید محەممەد حوسێنی وەکوو تۆمەتباری دووەمی ئەو دۆسیەیە لە قەڵەم دران.
شایانی باسە کە محەممەد مەهدی کەرەمی، ڕۆژ شەممە، ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ و دوو ڕۆژ دوای ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی حەدیس نەجەفی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندرابوو.
پێشتر کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی کەرەمی لەم بارەوە بۆ هەنگاو ڕاگەیاندبوو: محەمەد مەهدی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی ڕۆحی و جەستەییی ناوەندە حکوومەتییەکاندا بووە و چەندین جار بەدەست لێدان لە سمت و جەستەی هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی لێکراوە. ناوبراو لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ئەو زانیارییانەی پشتڕاست کردووەتەوە.
محەمەد مەهدی کەرەمی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی گوندی “کوتانی خواروو” سەر بە شاری بیجاڕ و دانیشتووی نەزرئاباد لە شاری کەرەج بوو. ئەو لاوە کوردە لە بواری وەرزشی کاراتەدا چەندین مەدالیای لە ئاستی پارێزگا و سەرانسەری ئێراندا بەدەست هێنابوو.
سەید محەمەد حوسێنی تەمەن ٣٩ ساڵ بووە و لە کێڵگەیەکی پەلەوەر کارە کردووە. بەپێی ئەو زانیاریییە کەمانەی کە لەسەر ناوبراو لە بەر دەستدایە، باوک و دایکی ناوبراو بە منداڵی کۆچی دواییان کردووە و بە هەتیوی گەورە بووە.