پزیشکێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە و، وێڕای گەڕان و سۆراخی بنەماڵەکەی، هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، دکتۆر موحسین سوهرابی خەڵکی بۆکان، دوای تەواوبوونی کار و هاتنەدەرەوەی لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە ڕفێندراوە.
ڕفاندنی ئەو پزیشکە کوردە لە کاتێکدایە، کە ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕێککەوتی ١٠ی بەفرانبار و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، داوایان لە ناوبراو کردبوو سەردانی ئەو ناوەندە بکات.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای ڕفاندنی ئەو پزیشکە، بەمەبەستی پشکنین هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی لە شاری سنە.
لەم ماوانەی دواییدا، بەشی پاراستنی (حراست) نەخۆشخانەی کەوسەر لە سنە، بەڵێنی نووسراویان لەم پزیشکە وەرگرتبوو و، چەندین جاریش لەلایەن ناوەندەکانی سەر بە حکومەتەوە بە پەیوەندی تەلەفۆنی هەڕەشەی لێکراوە.
موحسین سوهرابی، وەرزشکاری لەشجوانییە و لە پێشبڕکێکانی ئاستی وڵاتدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، هەروەها ناوبراو لە دەستەی دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی خێرخوازی تیشکی میهری منداڵانی شاری سنەیە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیک بە یەک هەفتە بەسەر ڕفاندنی، هەتا ئێستا چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو نادیارە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بێ ئەنجام ماوەتەوە.