چەندین کەس دەستگیر دەکرێن کە هەستاون بە فرۆشتنی بەڵگەنامەی ساختە بە کۆچبەران

بەگومانی سەر بەگرووپێکی تاوانکاری، پۆلیسی ئیسپانیا 43 کەسیان لە باشووری ئەو وڵاتە دەستگیرکردن و تۆمەتباریان کردن بەوەی، کە نامرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ کۆچبەران کردووە بۆ کارکردن لەکەرتی کشتوکاڵیدا، هاوکات بەڵگەنامەی ساختەشیان بۆ دەرکردوون.

کرێکارە کۆچبەرەکان بە تایبەتی ئەوانەی کە بەڵگەنامەی فەرمییان نییە، لە بازاڕی کاری ئیسپانیادا بەدەست ئیستغلالێکی بەرچاوەوە دەناڵێنن، کە ماوەی چەند کاتژمێرێکی زۆر و بە کرێیەکی کەم کار دەکەن و، خاوەنکارەکان باری ژیانی ئاساییان بۆ دابین ناکەن.

پۆلیسی ئیسپانیا ڕایگەیاند کە 43 کەسیان لە باشووری وڵات دەستگیرکردووە، ئەوەش بە گومانی ئەندامێتی تۆڕێکی تاوانکار لە کەرتی کشتوکاڵدا، کە کرێکاری کۆچبەرانی نایاساییان قۆستۆتەوە و، بەڵگەنامەی ساختەیان فرۆشتۆتە کۆچبەران.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پۆلیسی ئیسپانیا، قوربانییەکان زۆربەیان خەڵکی مەغریب بوون و، ئەوانەی دەستگیرکراون لە ڕەگەزە جیاوازەکانن، بەبێ ئەوەی دیارییان بکەن، هەروەها دەستگیرکردنەکان لە شاری مەلەگا بەڕێوەچوون.

بەپێی ڕۆژنامەی ئێل پایسی ئیسپانی، ئەو کۆچبەرانە بەگوێرەی وەرزی کشتوکاڵ کاریان پێکراوە، چونکە بۆ کۆکردنەوەی لیمۆ، زەیتون، یا بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە لە ناوچەی سیرا دو لاس نێڤێس، یا ناوچەکانی دەووروبەری تەرخانکراون، زۆربەی ئەو کرێکارە کۆچبەرانە نایاسایین، کە بە بەلەم گەیشتوونەتە ئیسپانیا، هەروەها ئەوان زیاتر لە ١٢ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کاریان دەکرد، لە هەموو وەرزەکاندا لەوانە هاوینی 2022 لەکاتی ئەو شەپۆلە گەرمییە جیاوازانەی کە ئیسپانیا پێیدا تێپەڕیوە، بۆیە ژیانی ئەو کەسانە لە مەترسیدایە، وەک پۆلیسی ئیسپانیا گوتی.

بەپێی ڕۆژنامەی ئیسپانی، سەرۆکی تۆڕەکە هاوڵاتییەکی مەغریبییە و، لەساڵی 2017دا دوو کۆمپانیای یەکەمی لە کاسارابۆنێلا دامەزراندووە، کە شارۆچکەیەکی بچووکی زیاتر لە 2500 دانیشتوانی هەیە و، دەکەوێتە ڕۆژئاوای مەلەگاوە، دواتر خزمەتگوزاری کرێکارانی کشتوکاڵی پێشکەش بە کارپێکەرە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکە کردووە.

هەروەها ئەو تۆڕە گرێبەستی دامەزراندنێکی ساختەی بەو کۆچبەرە نایاساییانە فرۆشتووە بە نرخی گرانبەها لەنێوان 1500 بۆ 3000 یۆرۆ، کە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی نیشتەجێبوون پێویستە.

ڕەنگە بە دڵت بن