قوتابییەکی تەمەن 6 ساڵ تەقە لە مامۆستایەکی دەکات

پۆلیس دەڵێ، منداڵێکی تەمەن شەش ساڵیان دەستگیرکردووە، دوای ئەوەی کە دوێنێ لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی تەقەی لە مامۆستایەکی کردووە و بە سەختی برینداربووە.

کوڕە قوتابییەکی تەمەن شەش ساڵ لە قوتابخانەی سەرەتایی ڕیچنیک لە نیوپۆرت نیوزی ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمەریکا، بە دەمانچە تەقە لە مامۆستایەکی دەکات و برینداری دەکات، پۆلیسیش رایدەگەیەنێت، کە منداڵەکەیان دەستگیر کردووە.

ستیڤ درو بەڕێوەبەری پۆلیس بە رۆژنامەوانانی وت: “منداڵەکە تەمەنی شەش ساڵە و لە ئێستادا لە ژێر چاودێریدایە، ئەمە تەقەکردنێکی ڕووداو نییە، مامۆستا قوربانییەکە، ژنێکی گەنجە و لە تەمەنی 30 ساڵیدایە و بە سەختی بریندار بووە و، ژیانی لە مەترسیدایە”.

بەڕای شارەزایان تەقەکردن لە قوتابخانەیەک لەلایەن منداڵێکی تەمەن 6 ساڵەوە، ڕووداوێکی زۆر دەگمەن و نەبیستراوە، لەکاتێکدا یاسای ڤێرجینیا ئەو ڕێگایانە سنوردار دەکات کە دەتوانرێت منداڵێکی ئەو تەمەنە بەتاوانێکی لەوجۆرە سزا بدرێت.

درو وتی: “منداڵەکە چەکێکی لە پۆلەکەدا هەڵگرتبوو، لێکۆڵەرەکان هەوڵ دەدەن بزانن لە کوێوە دەستیکەوتووە”.

جۆرج پارکەر، بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی نیوپۆرت نیوز گوتی: “من شۆک و بێهیوام، ئێمە پێویستمان بە پشتیوانی کۆمەڵگەکەمانە بۆ ئەوەی دڵنیابین کە منداڵان دەستیان بە چەک ناگات”.

ڕەنگە بە دڵت بن