کچە خوێندکارێک بە تۆمەتێک سزا دەدرێت

کچە خویندکارێکی کوردی خەڵکی ئیلام، کە دوو مانگ پێشتر بەشێوەی مەرجدار لە دەستبەسەرگە ئازاد کرابوو، لەلایەن دادگای تاوانەکان و دادگای شۆڕش، سزای چوار ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فەرزانە سەیدی، بەهۆی هەبوونی دوو دۆسیە لە لقی یەکی دادگای شۆڕش و لقی دادگای تاوانەکانی ئیلام، بە تۆمەتەکانی “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ تێکدانی ئاسایشی نێوخۆیی ” و ” تێکدانی نەزمی گشتی” سزای چوار ساڵ بەندکران و، دوو ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوەی وڵات و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی پاسپۆرتی بەسەردا سەپێندرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە قۆناغی پێداچوونەوەی دادگا، دوو ساڵ لە سزای ٤ ساڵ بەندکرانی فەرزانە سەیدی هەڵپەسێردراوە و دوو ساڵی دیکەشی بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی پاسپۆرت و قەدەغەی هاتووچۆی دەرەوەی وڵات بۆ ماوەی دوو ساڵ و، هەروەها پێ بژاردنی بەبڕی ٢٥ ملیۆن تمەن بۆ گۆڕدراوە.

فەرزانە سەیدی، ڕۆژی شەممە، ٢٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرا و، دوای یەک مانگ لێکۆڵینەوە، لە ڕێککەوتی ٢٢ی خەزەڵوەر، بە دانانی بارمتەی ٣ ملیار تمەن، بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.

ڕەنگە بە دڵت بن