ئەمڕۆ ژن و پیاوێک بە چەند تاوانێک کە لە عێراق و سوریا ئەنجام دراون بەند کران، ئافرەتەکە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و یارمەتیدان بۆ دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان لە سوریا و عێراق تۆمەتبار کرا، هاوکات پیاوەکە تاوانبار کرا بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵ.
دادگای سۆلنا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، 6 ساڵ و 10 مانگ زیندانی بەسەر ئەو ژنەدا سەپاند، چونکە ژنەکە لە ساڵی 2013 کچەکانی بردووە بۆ سوریا بۆ ئەوەی بچێنە نێو داعش، دادگاکە لەڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “ئامانجی ژنەکە لە ئەنجامدانی ئەوکارە، یارمەتیدانە بۆ دامەزران و ژیان لەنێو دەوڵەتێکی ئیسلامی و، دوو کچی بچووکی خۆی بۆ مەبەستی سێکسی قۆستۆتەوە”.
هاوکات پیاوەکەش تاوانبارە بەوەی دووجار هاوسەرگیری لەگەڵ یەکێ لە کچەکانی ئەو ژنەدا کردووە، ئەوەش لە کاتێکدا تەمەنی 15 ساڵان بووە، دادگا لە چەند بۆنەیەکدا لە نێوان ساڵانی 2013 و 2015دا بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان تاوانباری کرد، بەوەش سزای هەشت ساڵ و دە مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
کامیلا ئۆلۆفسۆن لە سویدەوە لەگەڵ پیاوێک لە سیەکانی تەمەنیدا، بۆ سوریا گەشتی کردبوو بۆ ئەوەی بچێتە نێو داعش، وە ئەو دوو کچەکەشی لەگەڵ خۆی بردبوو.
لە کۆتایی ساڵی 2013دا، ئۆلۆفسۆن و پیاوەکە بۆ هاوسەرگیری یەکێ لە کچەکان رێککەوتبوون.،دواتر پیاوەکە و ئۆلۆفسۆن گەڕانەوە سوید.
بۆ چەندین ساڵ کامیلا ئۆلۆفسۆن بەشێک بوون لە چوارچێوەی گرووپە تیرۆریستییەکان، ئەو پێشتر هاوسەرگیری لەگەڵ محەمەد مۆمۆی کارکەری ناسراوی ئەلقاعیدە کردووە، کە لە هێرشێکی ئەمەریکادا لە ساڵی 2008دا کوژراوە.
دوای دوو ڕۆژ لە دەستگیرکردنی ئۆلۆفسۆن لە مانگی نیسان، کچەکەی لەلایەن پۆلیسەوە لە فڕۆکەخانەی کۆپنهاگن دەستگیرکرا.