گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵ، لەلایەن دادگای تاوانەکانی پیرانشار، بە تۆمەتی “پێکهێنانی باند و گرووپ بۆ ئاژاوەگێڕی لە دژی ئاسایشی نیشتمانی” سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەگوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی سەرماوەزەی ٢٧٢٢ (١٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، دانیشتنی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتی “پێکهێنانی باند و گرووپ بۆ ئاژاوەگێڕی لە دژی ئاسایشی نیشتمانی”، دراوەتە پاڵ عەلیڕەزا ڕەسووڵیانپوور، ناسراو بە ماردین، لە لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکان لە پیرانشار، بەڕێوە چوو و سزای دوو ساڵ بەنکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەو سزایە لەکاتێکدا بەسەر ئەو هاوڵاتییەدا سەپێندراوە، کە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەشکراوە و، بڕیاری دادگا لەسەر ئەو سزایە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
عەلیڕەزا ڕەسووڵیانپوور، ڕۆژی دووشەممە، ٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و، پاش تێپەڕکردنی ڕەوتی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەکانی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە پیرانشار، بۆ گرتووخانەی ناوەندی حکومەت لە شاری نەغەدە گوازراوەتەوە.