ئێران: بەرپرسێکی پێشووی باڵای سەربازی بە تۆمەتی سیخوری لە سێدارەدەدا

ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە تۆمەتی سیخوری، ئەفسەرێکی پلە باڵای وەزارەتی بەرگری، کە لە کابینەی سەرۆککۆماری پێشوو محەمەد خاتەمی بووە، سزای لە سێدارەدانی بۆ دەردەکات و بەریتانیاش داوای ئازادکردنی دەکات.

ئاژانسی دەنگ و باسی فەرمی ئێرانی بڵاویکردەوە، کە عەلی ڕەزا ئەکبەری هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانیا، بە تاوانی سیخوری کردن بۆ بەریتانیا سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە.

بەگوێرەی سایتی میزان ئۆنلاینی دەزگای دادوەری، کە بڵاویکردۆتەوە، عەلی ڕەزا ئەکبەری بە تۆمەتی تێکدانی زەوی و زار بەهۆی زیانگەیاندن بە ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی وڵات و، گواستنەوەی هەواڵگری سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، ئەوەشی پشتڕاستکردەوە کە بڕیاری دادگای باڵا کۆتاییە.

ماڵپەڕەکە وردەکاری لەسەر بەرواری دەستگیرکردن و سزادانی ئەکبەری نەداوە و، ئاماژەی بەوەکردووە کە لەلایەن دادگای باڵاوە پەسەندکراوە.

جێی باسە، چەند ڕۆژێکە ئەو دەنگۆیانەی لە تارانی پایتەختی ئێران لە بارەی ناسنامەی سیاسەتمەدارێکی زیندانیکراو، کە بە سیخوڕێکی گەورە ئاشکراکرابوو باس دەکەن، هەروەها باس لەوەش کراوە کە کەیسەکە ئاماژە بە ململانێیەکی ناوخۆی دەستەڵات دەکات لە تاران.
بەپێی ماڵپەڕی ئەموەج میدیا کە لە بەریتانیا کاردەکەن، ئەکبەری وەک سیاسەتمەدارێکی پایەبەرز لە وەزارەتی بەرگری ئێران پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەو سیاسەتمەدارانەدا پەرەپێداوە، کە لە دوای شەپۆلی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە هەوڵی میانگیری و ئاشتبوونەوەیان دەدا.

س،ح

ڕەنگە بە دڵت بن