وەزیری کۆچ و کۆچبەران دەڵێ، ٣٠٠،٠٠٠ پەنابەر مەترسی گۆڕینی مافی مانەوەی هەمیشەییان بۆ کاتی لەسەرە، ئەو پەنابەرانەشی کاری خۆیان دەکەن و تێکەڵ بە کۆمەڵگە دەبن، نیگەرانی دیپۆرتکردنەوە نەبن.
چوار پارتی ڕاستڕەوی – پارێزگاران، دیموکراتە مەسیحییەکان، لیبراڵەکان و دیموکراتەکانی سوید (SD)، لە ڕێککەوتننامەی تی دی ئۆ، کە حکومەتی ئێستای لەسەر پێکهێنراوە، پێداچوونەوە بەو مەرجانە دەکات، کە مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی دراوەتە پەنابەران.
ئەمڕۆ ماریا ستینەرگارد وەزیری کۆچ و کۆچبەران، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی لۆثنبێرگ پۆستێن گوتی: ئەگەر پەنابەر بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان و چوونە ناو کۆمەڵگا هەموو شتێک بەڕێوەببات و بیکەن، ئەوا بە دڵنیاییەوە نابێت نیگەران بن و، ڕێگەیەک بۆ ئەوان دەدۆزینەوە بۆ ئەوەی مەرجەکانی وەرگرتنی رەگەزنامەی سویدی بیانگرێتەوە.
لە ئێستادا، بۆ بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی سویدی، پێویستە سەرەتا داواکارەکە نیشتەجێی هەمیشەیی بێت، لەم دواییەدا چەندین پرسیار لەبارەی چۆنیەتی بەدەستهێنانی ڕەگەزنامە لە ئەگەری کشانەوەی نیشتەجێبوونی هەمیشەییدا دروستبووە.
پێشتر بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی کۆچبەران میکایل ڕیبنیڤیک ڕایگەیاند، کە ڕێککەوتننامەی “تیدۆ” کە بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیەی حکومەت پێکهێنراوە، خاڵێکی بریتیبوو لە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە گۆڕینی پێدانی مافی هەمیشەیی بە پەنابەران بۆ کاتی.
ئەگەر ئەمە جێبەجێ بکرێت، ئەوە یەکەمجار دەبێت لە مێژووی سویددا کە نیشتەجێبوونی هەمیشەیی پەنابەرێک بکرێتە کاتی.
جێی باسە، پەنابەرانی هەڵگری مافی مانەوەی کاتی، ترسیان لە کۆتاییهاتنی نیشتەجێبوون و بڕیارەکانیان بۆ دیپۆرتکردنەوەیان لەو وڵاتەی کە ساڵانێکە تێیدا ژیاون هەیە.