دەرئەنجامێکی نوێی هەوڵەکانی دژە کۆچبەران لە تورکیا دوو هەفتەی یەکەمی ئەمساڵی گرتەوە، هەروەک دەستەڵاتدارانی تورکیا ڕایانگەیاند، کە توانیویانە لەماوەی هەمانکاتدا زیاتر لە دوو هەزار کۆچبەر دەستگیر بکەن و دوو هەزاری دیکەش دیپۆرت بکەنەوە.
دەستەڵاتدارانی تورکیا ڕایانگەیاند، کە دەزگا پەیوەندیدارەکان لەنێوان 6 بۆ 12ی کانوونی دووەمی ساڵی نوێ، زیاتر لە 2200 کۆچبەریان لەو وڵاتەیان دەستگیرکردووە و، لە هەمان ماوەدا زیاتر لە دوو هەزار کۆچبەریشیان دیپۆرتی وڵاتەکانیان کردوونەتەوە.
بەڕێوبەرایەتی کۆچبەران ڕوونیکردەوە کە کۆی گشتی کۆچبەرە دیپۆرتکراوەکان لە ساڵی 2023دا بۆ 3349 کۆچبەر بەرزبۆتەوە.
لەم ساڵانەی دواییدا تورکیا بۆتە یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکانی گواستنەوەی ئەو کۆچبەرانەی لە شەڕ و قەیرانی ئابووری لە وڵاتەکانیان هەڵدێن و دەیانەوێت بگەنە ئەوروپا، ئەوەش بە هیوای دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ.