چڕکردنەوەی گوشارەکانی ڕژێمی ئێران لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان

دەستەڵاتی داگیرکەری ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گوشارەکانی خۆی بۆ سەر هاوڵاتییان چڕوپڕتر کردۆتەوە و، لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا نزیک بە سەد کەس لەلایەن هێزەکانی ئەو رژێمەوە ڕفێندراون.

لە درێژە و بەردەوامی گوشارەکانی دەستەڵاتی داگیرکەری ڕژێمی ئیسلامی ئێران بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەشبگیری هاوڵاتییانی ڕۆژهەڵات لەلایەن ڕژێمی ئیسلامییەوە چڕوپڕتر بۆتەوە و، لە ماوەی ١٥ ڕۆژی سەرەتای مانگی یەکەمی ساڵی نوێی زایینیدا، نزیکەی ٩٦ هاوڵاتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەگەلی جۆراوجۆر لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندراون.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ١٥ ڕۆژی یەکەمی مانگی ژانڤییەی ساڵی ٢٠٢٣دا، نزیکەی ٩٦ هاوڵاتیی خەڵکی شار و ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کودستان، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراون.

بەپێی ئەم ئامارە، لە ڕێژەی ئەو هاوڵاتییانەی کە ڕفێندراون، ١٣ کەسیان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بوون. ٥ کەسیان خوێندکاری قۆناغە جیاوازەکانی زانکۆ و، ٤ کەسیان مامۆستای قوتابخانە و هەروەها ٥ کەسیان ژن بوون.

شایانی باسە، کە پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا، کە هەر لە سەرەتاوە زۆر بە خێرایی بۆ ناوچەکانی دیکەی وڵاتی ئێران پەرەی سەند، ڕژێمی داگیرکەری ئێران لە هەموو ڕەهەندەکان و بەتایبەت ڕەشبگیریی خەڵکی کوردستان، گوشارێکی لەڕادەبەدەری خستۆتە سەر هاوڵاتییانی ڕۆژهەڵات و بەردەوام ئەم گوشارانەش چڕوپڕتر دەبنەوە.

ڕەنگە بە دڵت بن