گەنجێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ جاری دووەم ڕفێندرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە، رێککەوتی ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١٤ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، تەوحید عەبدولمەلەکی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی قوروە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرا.
ئەم لاوە تەمەن ١٩ ساڵە، پێشتر لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەرکرابوو و دوای تێپەڕاندنی ماوەی لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو، ئەمەش دووەم جارە دەڕفێندرێتەوە.
جێی باسە، هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانی ئەو گەنجە لەبەردەستدا نییە و چارەنووسی نادیارە.