چەندین هاوڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەڕفێندرێن

لە درێژەی هێرشەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بۆ سەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا حەوت هاوڵاتی خەڵکی شارەکانی پیرانشار و سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو ڕژێمەوە ڕفێندراون و بۆ شوێنگەلێکی نادیار گوازراونەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا، حەوت هاوڵاتی خەڵکی شارەکانی پیرانشار و سنە، بە ناوەکانی عەبدوڵا قەنبەریوەند، مەحموود قەنبەریوەند، تەها ڕەسووڵیان، ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور، شاهۆ عەبدوڵاپوور، سینا دەشمیر و سۆما پوورمحەمەدی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە ڕفێندراون و، بۆ شوێنگەلێکی نادیار گوازراونەتەوە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، رێککەوتی ١٨ی ژانیوەری ٢٠٢٣ی زایینی بەرانبەر بە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ی کوردی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، سێ هاوڵاتی خەڵکی شاری پیرانشاریان بە ناوەکانی عەبدوڵا قەنبەریوەندی تەمەن ٤٩ ساڵ و، مەحموود قەنبەریوەندی تەمەن ٤٦ ساڵ، کە دوو برای کەمئەندامن، لە ماڵەکەی خۆیان رفاندوویانن، هەروەها هاوڵاتییەکی دیکەی ئەو شارە بە ناوی تەها ڕەسووڵیانی هونەرمەند و چالاکوانی مەدەنی، لە دووکانی هاوڕێیەکەیدا ڕفێندراوە.

لە ڕەوتی ڕافاندنی عەبدوڵا قەنبەریوەند و مەحموود قەنبەریوەند، یەکەیەکی ٢۵ کەسی هێزەکانی ڕژێمی ئێران، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو دوو برا کەمئەندامە، لەلایەکی دیکەوە پاش ڕفاندنی تەها ڕەسووڵیان، ئەو هێزانە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و سەرەڕای ئەوەی کە کەشێکی تۆقێنەر و پڕ لە ترسیان بەسەر بنەماڵەی ئەو هاوڵاتییانەدا زاڵ کردووە، دەستیان بەسەر مۆبایلی سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەی ئەو سێ کەسەدا گرتووە و لەگەڵ خۆیاندا مۆبایلەکانیان بردوون.

هاوکات هەر لەو ڕۆژەدا لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵ، بە ناوی سینا دەشمیر و باوک و کوڕێک بە ناوەکانی ئەحمەد عەبدوڵاپوور و شاهۆ عەبدوڵاپووری خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە، لە ماڵەکانی خۆیاندا ڕفێندراون و بۆ شوێگەلێکی نادیار گوازراونەتەوە.

لە کاتی ڕفاندنی سینا دەشمیر، یەکەیەکی ۵٠ کەسی هێزەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو لاوە و و، سەرەڕای ئەوەی کە کەشێکی تۆقێنەر و پڕ لە ترسیان بەسەر بنەماڵەکەیدا زاڵ کردووە، دەرگا و دەلاقەی ماڵی ناوبراویشیان شکاندووە.

لەلایەکی دیکەوە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، سۆما پوورمحەمەدی، یەکێ لە چالاکوانی مەدەنی شاری سنە و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، لە کاتێکدا بەمەبەستی بەدواداچوون لەسەر دۆسییەی هاوژینەکەی بە ناوی ئیدریس مینبەری، سەردانی لقی دووی دادگای لێپرسینەوەی تاوانەکانی شاری سنەی کردووە، لە پێش دەرگای ئەو دادگایەدا، هێزەکانی حکوومەت ناوبراویان ڕفاندووە.

ئیدریس مینبەری، یەکێکە لە چالاکوانی مەدەنی شاری سنە و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژینە لەو شارە، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ی کوردی، لەلایەن هێزەکانی وەرزارەتی ئیتلاعاتی حکومەت لە سنە ڕفێندراوە و، تا ئێستا لە گرتنگەی ئەو ناوەندەدا ڕاگیراوە.

جێی باسە، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر بارودۆخ و تەندروستی و، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاوڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.

ڕەنگە بە دڵت بن