پەرلەمانی ئەڵمانیا بە تێکڕای دەنگ کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساند

پرسی پاکتاوی نەژادی و ئاینی کە لەساڵی 2014 دژ بە کوردانی ئیزدی لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی ئیسلامی داعشەوە کرا، ئەمڕۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا ئەو تاوانە گەورەی بە تێکڕای دەنگ بە جینۆساید ناساند.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، رێککەوتی 19ی1ی2023 لە دانیشتنی پەرلەمانی ئەڵمانیا، کە بەشێکی تەرخانکرابوو بۆ پێشنیاری کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، کە لەلایەن پارتی سەوزی ئەو وڵاتەوە پێشکەشکرابوو، ئەو تاوانە گەورە بە تێکڕای دەنگ بە جینۆساید ناسێندرا.

پڕۆژەکە بە ناونیشانی (ناسینەوە و یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی 2014)ە بوو، دوای گفتوگۆیەکی 70 خولەکی، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەتێکڕای دەنگ کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بە جینۆساید ناسێندرا.

لەمبارەوە دکتۆر دلێر بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-بەرلین، وەک چالاکوانێک ئامادەی دانیشتنەکە بوو، بە ماڵپەڕی ڕەوەندی ڕایگەیاند، ڕاپۆرتەکە لەلایەن پارتی سەوز پێشکەش کرابوو، وە لەلایەن فراکسیۆنی پارتەکان بە گشتی پشتگیری کرا، لەو نێوەندەشدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوایکرد کە پەرلەمانتاران پشتگیری پڕۆژەکە بکەن، هەروەها لە درێژەی وتەکەیدا باسی لەسەردانی خۆی بۆ ناوچەکە کرد، کە کچێکی ئێزدی بینیوە و، لە نزیکەوە باسی ئەو نەهامەتی و ئازارانە کردووە، کە ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش بەسەریاندا هێناونی، لە کۆتاییدا داوای کرد لە پێناو ئازادی پشتگیری هەمووانی بۆ پڕۆژەکە دوپاتکردەوە.

هەروەها نوێنەرێکی SPD داوای کرد، کە هەموو ئەو لایەنانەی لە سەرەتاوە پشتگیریان بۆ چەند ڕێکخراوێکی ئیسلامی ڕاگەیاندبوو سزا بدرێن، کە دواتر ئەوانە بوونە داعش و ئەو کۆمەڵکوژییەیان ئەنجامدا.

هەر لەوبارەوە نوێنەرێکی دیکە، داوای کرد کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان ئەم پڕۆژەیە فراوان بکرێت و، نێونەتەوەیانە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بە جینۆساید بناسێندرێت.

بە وتەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ئێزدییەکان کە لەدانیشتنی پەرلەماندا ئامادەبوون، لە تاوتوێکردنی ئەو بابەتە بۆ پەسەندکردنی کۆتایی و ناسینەوەی ئەو ڕووداوە تاوانکاریەی، کە جێی باسە، لەدوای ساڵی 2014ەوە ڕوویدا، کاتێ گرووپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، ناسراو بە (داعش) هێرشی پاکتاوی نەژادی و ئایینی دژی ئێزدییەکان ئەنجامداوە.

س،ح

ڕەنگە بە دڵت بن