دادگای سوید سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ دیپلۆماتێک و ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران دەرکرد 

حەمید نووری ساڵی 1988 یاریدەدەری دادوەری گرتووخانەی گەوهەردەشتی ئێران بووە و، هەمان ساڵ ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسیی لەسێدارە دراون، دوای ئەوەی روو لە وڵاتی سوید دەکات، دەستگیر دەکرێت.

سزادانی وەها تاوانبارێکی کۆماری ئیسلامی ئێران، یەکەمجارە بە تاوانی لەسێدارەدانی بەندكراوانی سیاسیی دادگایی دەکرێت و سزا دەدرێت، حەمید نووری، بەناوی خوازراوی “عەباسی”، ساڵی 2019 دەچێتە سوید و، لە فڕۆکەخانەی ئەو وڵاتە للایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت، ئەوەش دوای ئەو سکاڵایانە هات، کە پێشتر لەلایەن کەسوکاری قوربانییەکانەوە لەو وڵاتە لەسەر ناوبراو تۆمار کرابوون.

دادگای سوید رایگەیاند، ژمارەیەک لە بەندکراوان و کەسوکاری لە سێدارەدراوانی ساڵی 1988ی ئێران، سکاڵایان لەسەر حەمید نووری تۆمار کردبوو، لەو ماوەیەدا نۆ دانیشتنی دادگا لەبارەی دۆسیەکەی بەڕێوەچوون.

لە دۆسیەی لەسێدارەدراوانی ساڵی 1988ی ئێراندا، هەزاران کەس لە بەندکراوانی سیاسیی ئەو وڵاتە لەسێدارە دران و، رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، ژمارەی لەسێدارەدراوانی بە زیاتر لە پێنج هەزار کەس خەمڵاندووە، بەڵام تا ئێستا و دوای تێپەڕینی چەندین ساڵ، هێشتا بەرپرسانی ئێرانی تەرمی لەسێدارەدراوەکانیان نەداوەتەوە خاوەنەکانیان و، شوێنی بەخاکسپاردنیشیان ئاشکرا نەکراوە.

حەمید نووری هاوکات بکوژی سەدان کەسە لە رۆڵەکانی خەڵکی کوردستان، خەڵکی کوردستان و گشت ئازادیخوازانی ئێرانی و لایەنگرانی مافی مرۆڤ لە جیهان وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەو بڕیارەی دادگای سوید، هاوکات هیواداران هەموو تاوانبارانی ئێرانی لە دەرەوە، بەم جۆرە بە سزای تاوانەکانیان بگەن.

مستەر کورد

ڕەنگە بە دڵت بن