لە ڕۆژهەڵات یادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەرز ڕاگیرا

وێڕای کەشی ئەمنییەتی و میلیتاریزەکردنی ڕۆژهەڵات لەلایەن ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە، لە شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یادی 77ەمین ساڵڕۆژی کۆماری کوردستان بە چالاکی جۆراوجۆر بەرز ڕاگیرا.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە شار و ناوچە و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، 77ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە شوێنە گشتییەکان، سەردانی گڵکۆی شەهیدانی کوردستان، شیرینی بڵاوکردنەوە، شایی و گۆڤەند، بڵاوکردنەوە وەسیەتی پێشەوای سەرۆککۆمار و سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب لە بڵندگۆی مزگەوتەکان، بڵاوکردنەوەی وێنە و تراکتیکی کۆمار و پێشەوا لە شوێنە گشتییەکان، جێژنگرتن لە دەووری یەکتر و چالاکیی جۆراوجۆر بەرز ڕاگیرا.

ساڵانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، لە شوێنی دامەزراندنی یەکەمین کیانی مۆدێرنی کوردستانی لە چوارچێوەی حکومەتێکی سەردەمیانەی دیموکراتیک و سەربەخۆ و لەژێر ناوی کۆماری کوردستان، بەرز ڕادەگێرێت. بەڵام بەرزڕاگرتنی ئەمساڵ بەهۆی ئەو دۆخە شۆڕشگێرانەی لە شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتدا هاتووەتە ئاراوە و ڕژێمی داگیرکەری ئێران کەشێکی میلیتاریزەی بەسەر کوردستاندا زاڵ کردووە، جیاواز لە ساڵانی پێشووترە.

یەکێ لە جیاوازییەکانی ئەمساڵ، ئەوەیە، کە مامۆستایانی ئایینی بەشێوەیەکی بەرچاو و چاونەترسانە و بەبێ ترس لە ڕژێمی داگیرکەری ئێران، مینبەری مزگەوتەکانیان کردووە تریبۆنێک بۆ یادکردنەوەی کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی و، وێڕای پیرۆزبایی ئەو یادە پیرۆزە، وتارەکانیان لەو بارەیەوە پێشکەش بە خەڵک کردووە.

کۆماری کوردستان لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی بەرانبەر ٢٢ی ژانڤییەی ١٩٤٦ی زایینی، بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەمەد و، بە یارمەتیی هاوڕێیانی پێشەوا، لە گۆڕەپانی “چوارچرا”ی شاری مەهاباد و بە بەشداری خەڵکی زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی گەورە دامەزرا و، پاش ١١ مانگ لەلایەن رژێمی پاشایەتیی ئەو سەردەمی ئێرانەوە هێرش کرایە سەری، بەداخەوە هەرەسی هێنا و ئەو حکومەتە کوردییەش بەهۆی پەلاماری داگیرکەرانی کوردستانەوە ڕووخا.

هەرچەندە تەمەنی کۆمار کورت بوو، بەڵام گەلێ دەستکەوتی بۆ نەتەوەکەمان بەجێهێشت. یەکێ لەو دەستکەوتانە کە وەک نموونە دەتوانین ئاماژەی پێ بکەین، دیاریکردنی ڕێچکەیەکی نوێی ناسیۆنالیزمی کوردستانی بوو، کە هەنووکەش لە کوردستانی مەزن ئەم ڕێچکەیە بەردەوامە. لە دامەزراندنی کۆمار و ئەو تەمەنە کورتەیدا، ڕۆڵی مەلا مستەفای بارزانی دیار و بەرچاوە، کە وەک فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کۆمار دیاری کرابوو.

ڕەنگە بە دڵت بن