لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ئەمجارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کە بە شۆڕشی ژینا ناسێندراوە، تا ئێستا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، نزیکەی ٤٨٨ کەسیان کوشتووە.
ڕۆژی شەممە ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، کە لە سەرەتای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕژێمی ئیسلامی، تا ئێستا نزیکەی ٤٨٨ کەسی ئێرانی و هاوڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ و ئەشکەنجە کوژراون، هەروەها ١٠٨ کەسی دیکەش لە گرتووخانەکاندا مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەدا بەوەدراوە، کە ٦٤ کەس لە کوژراوان منداڵ و ٣٩ کەسیش ژن بوونە، هاوکات زۆرترین کوژراوانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکان، لە پارێزگاکانی بەلوچستان، ورمێ، تاران، سنە و مازەندەران بوون، کە هێزە چەکدارەکانی ڕژێم بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانی لێ ئەستاندوون و، ١٩ کەسی دیکە لە گرتووخانەکانی ڕژێم سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
ڕاپەڕینی ئەمجارە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر شەهیدکردنی کچێکی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ و، بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، دەستی پێکرد، کە ئەو ڕاپەڕینە لەلایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتەوە بە شۆڕشی ژینا ناسێندرا و، دواتر بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران پەرەی سەند.
ژینا ئەمینی، ١ی خەرمانانی ٢٧٠٠ی کوردی بەرانبەر ٢٢ی ژوولای ٢٠٠٠ی زایینی، لە شاری سەقزی سەر بە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی بەرانبەر بە ١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ی زایینی، لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادی تاران بە لێدان چووە کۆما و پاشان لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەست دا.