لە شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٩ پلەی ڕێختەر ڕوویدا و، بەو هۆیەوە چەند کەس کوژرا و دەیان کەس بریندار بوون و زیانی ماددیشی هەبووە.
شەوی شەممە، ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ی کوردی بەرانبەر بە ٢٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٣ی زایینی، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ۵.۹ ڕێختەر، شاری خۆی لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند. پارێزگاری ڕژێم لە پارێزگای ورمێ، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند بەهۆی بوومەلەرزەکەی شاری خۆی، ٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٦٤ کەسیش بریندار بوون و، زیانی ماددیشی بەدواوە بووە.
بەگوێرەی هەواڵی ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی نزیک بە ٥ کاتژمێردا ٤٠ وردەلەرزەی ئەو بوومەلەرزەیە ڕووی داوە و، ئەوەش ترسێکی زۆری لای هاوڵاتییان دروستکردووە.
شەوی ڕابردوو، خەڵکی شاری خۆی لە ترسی دووبارەبوونەوەی بوومەلەرزە، لەسەر شەقامەکان مانەوە و کارەبای هەندێ لە گەڕەکەکانی ئەو شارەش پچڕاوە.
جێی باسە، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، ئەوە دووهەمین جارە کە لە شاری خۆی بوومەلەرزە ڕوو بدات و، بەرپرسانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەو شارە، گرینگییەکی ئەوتۆیان بە دۆخی نالەباری ژیانی خەڵک و بەڕێوەبەریی قەیران نەداوە.