پاش ئەوەی کە سێ ڕۆژ لە بوومەلەرزەکەی شاری خۆی تێپەڕدەبێت، خەڵکی ئەو شارە هێشتا بەبێ هیچ کەلوپەلێکی پێویست لەبەر سەرما و سەر شەقامەکاندا دەمێننەوە و، حکوومەتیش هیچ بایەخێکیان پێ نادات.
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، سەرەڕای ئەوەی کە سێ ڕۆژ لە ڕووداو و کارەساتی بوومەلەرزەکەی شاری خۆی تێپەڕدەبێت، تا ئێستا هیچ دامودەزگایەکی حکومەتی بە هانای خەڵکی لێقەوماوی ئەو شارەوە نەچوون و، خەڵک هێشتا بەبێ هیچ کەرەستە و کەلوپەلێکی سەرەتایی پێویست، لە شەقامەکان و لەبەر سەرمای ٦ پلە ژێر سفردا دەمێننەوە.
وێڕای ئەوەی کە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت هیچ وەڵامێکیان بە داخوازییەکانی خەڵکی لێقەوماوی ئەو شارە نەداوەتەوە، بەڵکو بەپێی ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، ڕژێم هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆی دەنێرێت بۆ شوێنی کارەساتەکە و ئەمەش ترسی ئەو ڕژێمە لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر جۆرە ناڕەزایەتییەکی ڕەوای ئەو خەڵکە نیشان دەدات.
لەم پەیوەندییەدا ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاندووە: بە سەرنجدان بە کارنامەی پێشووی ناوەندە حکومەتی و دەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو جۆرە کاتانەدا، کە بە خەمساردی و دەستەوەستانی و گەندەڵییەکانیان خوێیان بە برینی خەڵکدا کردووە، ناوەندی هاوکاری داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات هەر وەک جاران بە بەجێهێنانی ئەرک و بەرپرسایەتییە مرۆیی و نیشتمانییەکانیان، باری قورسی ئەو ڕووداوە لە سەرشانی زیاندیتووانی بومەلەرزەکەی شاری خۆی کەم بکەن.
هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای ئاماژەدان بەوەی کە دامودەزگا حکومەتییەکان هیچ بەرنامەیەکیان بۆ ئەو کارەساتەی شاری خۆی نییە، داوای لە خەڵکی شارەکانی دەووروبەر کردووە، کە بە هانای خەڵکی لێقەماوی ئەو شارەوە بچن.
شەوی شەممە، ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ی کوردی بەرانبەر بە ٢٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٣ی زایینی، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ۵.۹ ڕێختەر، شاری خۆی لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند، کە ٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و بەپێی دوایی ئامارە بڵاوکراوەکان ٨١٦ کەسیش بریندار بوون.