هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری ئیلام، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ڕفێندراوە، بەشێوەیەکی دڕندانە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە ئەشکەنجە دراوە.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕەسووڵ کەریمی خەڵکی شاری ئیلام، کە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە، لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییەدا بەشێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە دراوە و، باری تەندروستی ناجێگیر و خراپە.
بە وتەی سەرچاوەکان، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، خەریکە دۆسیەی ئەمنیەتی چەواشەکارانە بۆ ئەو هاوڵاتییە دروست دەکات و، تۆمەتی چالاکی چەکدارانە دەداتە پاڵی.
ڕەسووڵ کەریمی، لە هەفتەی دووەمی مانگی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە ڕفێندراوە و، پاشان بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە گوازراوەتەوە، لەوکاتەوە تا هەنووکە، بەشێوەیەکی چڕوپڕ لەژێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە و، هەروەها ئەشکەنجەی دڕندانەی هێزەکانی ئەو ناوەندەدایە.
جێی باسە، ئەو هاوڵاتییە لەو ماوەیەدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە مافە سەرەتایییەکانی وەک هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بیبەری و بێبەش کراوە.