لەسەر ناڕەزایەتی لەسەر لێدانی سروودێک هاوڵاتییەک دەستگیر دەکرێت

هاوڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار دوای ئەوەیکە بەرامبەر بەردەوام بڵاوکردنەوەی سروودی “سلام فرماندە”، لە بڵندگۆی قوتابخانەی نزیک ماڵەکەی ناڕەزایەتی دەربڕی، دەستگیرکرا.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢ی فێبریوەری ٢٠٢٣) هۆشمەند گوڵابی، دوای ئەوەی کە ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە سروودێک، کە ڕۆژانە بەشێوەیەکی بەردەوام لە بڵندگۆی قوتابخانەی نزیک ماڵەکەی بڵاو دەکرایەوە، دەربڕی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستگیرکرا.

پێشتر هۆشمەند گوڵابی، چەندین جار بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین و ئاگادار کردنەوەی ئەو قوتابخانەیە، لە بێزارکردنی بەردەوامی ماڵەکانی دەوروبەری قوتابخانەکە بە بەردەوام خستنەسەری سروودی ئاماژەپێدراو، سەردانی ئەو قوتابخانەیەی کردبوو، دواجار لە نێوان ئەم هاوڵاتییە و بەڕێوەبەری قوتابخانە ئاڵۆزی دروست دەبێت. دوای پەیوەندی تەلەفۆنی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە بە ئیدارەی ئیتلاعات، هۆشمەند گوڵابی لەلایەن هێزەکانی ئەو ناوەندە حکوومەتییەوە دەستگیرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.

جێی باسە، سروودی “سلام فرماندە” بە ناوەڕۆکێکی ئیدۆلۆژیک و لە ڕاستای پیرۆزی بەخشین بە عەلی خامنەیی لەلایەن مۆسیقاژەنەکانی سەر بە حکوومەتەوە بەرهەم هاتووە، لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا بڵاوکراوەتەوە. لەم دواییانەدا ئەم سروودە لە ئاستی قوتابخانەکاندا بە شێوەیەکی ڕۆژانە بڵاو دەکرێتەوە.

ڕەنگە بە دڵت بن