لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا و لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە٤٠٠ منداڵ لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە ڕفێندراون و ناسنامەی ١٨٦یان ئاشکرا بووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاماریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی نزیک بە پێنج مانگی “شۆڕشی ژینا”، زیاتر لە ٤٠٠ قوتابی لە سەرانسەری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێز و ناوەندە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون، کە تا ئێستا ناسنامەی ١٨٦ کەسیان ئاشکرا بووە.
بەپێی ئەم ئامارە، لە کۆی ئەم ١٨٦ منداڵە، ٣٢ کەسیان کچ و ١٥٤ کەسی دیکەیان کوڕن، هەروەها زۆرترین ڕێژەی ڕفاندنی منداڵان لە شارەکانی جوانڕۆ ٢٨کەس، سنە ٢١ منداڵ و سەقز ١٤ کەس بووە. بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، منداڵانی ڕفێندراو لە ژێر لێپرسینەوەی چڕوپڕی توندوتیژانەدا بوون و، هیچ کام لە مافەکانی پشتیوانی منداڵان جێبەجێ نەکراوە و، تەنانەت لە مافە سەرەتاییەکانی گەورە ساڵێک لە کاتی دەستبەسەربووندا وەک ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە، پشکنینی پزیشکی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بوون.
هەنگاو ڕایگەیاندووە، ٤ کەس لەم منداڵانە لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە، سزای پێبژاردنی پارە، بەندکراون و لێدانی قامچاییان بەسەردا سەپێندراوە. دوو منداڵی خەڵکی سەردەشت سزای پێبژاردنی بڕی ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن، کەسێکی خەڵکی سەراوڵە سزای ٧ مانگ بەندکران و کەسێکی خەڵکی جوانڕۆ سزای ٣ ساڵ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچی، بەسەریاندا سەپێندراوە.
بەگوێرەی ئەم ئامارە پارێزگای سنە، ٧٨ کەس تۆمار کراوە، کە ١٥ کچ و ٦٣ کوڕن و ڕێژەی شارەکانی بەم شێوەیە: سنە ١٨ منداڵ، منداڵ، سەقز ١٤ منداڵ، سەوڵاوا ١١ منداڵ، کامێران ١١ منداڵ، دێولان ١١منداڵ، مەریوان ٦ منداڵ، بیجاڕ ٣ منداڵ، قوروە و بانە هەر کامیان ١ منداڵ.
پارێزگای کرماشان ٥٠ کەس تۆمار کراوە، کە ٨ کچ و ٤٨ کوڕن و ڕێژەی شارەکانی بەم شێوەیە: جوانڕۆ ٢٩ منداڵ، پاوە ١٠ منداڵ، ڕوانسەر ٦ منداڵ، کرماشان ٣ منداڵ، قەسرشیرین و سەنقوڕ هە کامیان ١ منداڵ.
پارێزگای ئورمیە ٣٨ کەس تۆمار کراوە کە ٤ کچ و ٣٤ کوڕن و ڕێژەی شارەکانی بەم شێوەیە: مەهاباد ٨ منداڵ، پیرانشار ٧ منداڵ، سەردەشت، شنۆ و بۆکان هەر کامیان ٦ منداڵ، نەغەدە ٣ منداڵ، ئورمیە و سایینقەڵا هەر کامیان ١ منداڵ.
پارێزگای ئیلام ١٩ کەس تۆمار کراوە کە ٤ کچ و ١٥ کوڕن و ڕێژەی شارەکانی بەم شێوەیە: ئاودانان ٩ منداڵ، ئیلام ٥ منداڵ، دەڕەشار ٢ منداڵ، دێلۆڕان و سەراوڵە هەر کامیان ١ منداڵ.
هەروەها منداڵێکی کوردی دیکەش لە شاری تارانی پێتەختی ئێران ڕفێندراوە کە خەڵکی شاری شائاباد لە پارێزگای کرماشان بووە.