چەکدارەکانی سەر بە سوریا و تورکیا رێگری لە گەیاندنی هاوکارییەکان دەکەن

لەبەیاننامەیەکدا چەندین ڕێکخراو و چالاکوان لە چینە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا داوای کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان دەکەن، کە لەلایەن ملیشیا و چەکدارانی  ناوچەکە داخراون و ناهێڵن کۆمەک و هاریکاری بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکە  بگەیەنرێت.

لەبەیاننامەیەکدا، 138 ڕێکخراوی جیاجیای ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا  داوای کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و ناوخۆییەکان دەکەن، تا کۆمەک و هاوکارییەکان بۆ ڕزگاربووانی کارەساتی بومەلەرزەکە بگەیەنرێت، کە ڕۆژی06.02.2023 ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە.

ئەمەو  ڕێکخراوەکان و چالاکوانان داوای وەڵامێکی گشتگیر و جیاکاری بۆ کارەساتی بومەلەرزەی 6ی شوبات دەکەن، هەروەها داوای یارمەتی مرۆیی و کۆمەک بۆ هەموو ناوچە زیان لێکەوتووەکان بەبێ جیاوازی مسۆگەر بکرێت و، ئەم جۆرە یارمەتیانە لەلایەن هیچ لایەنێکی سیاسی و سەربازیەوە ڕێگری لێنەکرێت.

لەدرێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، حکومەتی سوریا و تورکیا و چەکدارەکانییان کە ناوچەکانیان داگیرکردووە، بەرپرسیاری سەرەکین بۆ کردنەوەی دەروازەکان و گەیاندنی هاوکارییەکانی ڕێکخراوەکان بۆ زیان لێکەوتوانی بومەلەرزەکە بەجیاوازی، هەر ڕێگرییەک لەم بوارەدا دژی مرۆڤایەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

لەبەشێکی تردا، داوا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەن تا بە ئەرکی خۆی لە ناوچە هەستێت، هەروەها داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن کە کۆمەک و هاوکارییەکان بەبێ جیاوازی بگەیەنرێت.

لەکۆتایی بەیاننامەکەدا داوا لە وڵاتانی دراوسێش دەکەن، کە سنوورەکانیان بەڕووی هاوکارییەکاندا بکەنەوە.

س،ح

ڕەنگە بە دڵت بن