ئەڵمانیا: سیخوڕەکانی رژێمی ئێران دەستگیر دەکرێن

ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا چالاکییە سیخوڕییەکانی ڕژێمی ئێران لەم وڵاتە پەرەی سەندووە و، چەندین سیخوڕی ئەو رژێمەش لەلایەن ئەو وڵاتەوە دەستگیرکراون.

ڕۆژنامەی “ڤۆڵت ئام سوونتاگ”ی ئەڵمانی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە چالاکییە سیخوڕییەکانی ڕژێمی ئێران لەو وڵاتە و، بە دژی دانیشتووانی ئەو وڵاتە و بەتایبەت ئێرانییەکان کە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتیش دەگرێتەوە، زیاتر پەرەی سەندووە.

ئەو ڕۆژنامەیە لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەیدا بڵاوی کردووەتەوە: حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا لە وڵامی داواکاری حیزبی “لینکە”، سەبارەت بە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئەم دوایییانەی ئێران، ڕایگەیاندووە کە بەڵگەی زۆر لەسەر چالاکی سیخوڕی دەستوپێوەندە سیخوڕییەکانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بە دژی دژبەرانیان لەو وڵاتە هەیە و چاودێری کراوە. 

لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ناوەندە ئەمنییەتییەکانی دەوڵەتی ئەڵمانیا ناسنامەی ۱٦۰ کەسی پەیوەندیداریان بە سوپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕژێمی ئێرانیان دەستنیشان کردووە، بەڵام ڕوون نییە چەند کەسیان لە ئەڵمانیا بەسەر دەبەن. 

پێشتریش سەرۆکی ڕێکخراوی ئەمنییەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، کە هێزە سیخوڕییەکانی ڕژێمی ئێران لەکاتی خۆپیشاندانەکانی ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتە بەمەبەستی سیخوڕیکردن گرتە ڤیدیۆیان لە ناڕازیان گرتووە و بۆ ئێرانیان بەڕێ کردووەتەوە. 

شایانی باسە، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا وڵاتی ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، دەیان سیخوڕی ڕژێمی ئێرانیان دەستگیرکردووە، هەروەها دەوڵەتی ئەڵمانیا چەند جار ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتە و بەتایبەتی پەنابەرانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە، کە هەڕەشەی ڕژێمی ئێرانیان لەسەرە و، بۆ پاراستنی گیانیان لەژێر چاوەدێری پۆلیس و هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاتەدان

ڕەنگە بە دڵت بن