ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-دانیمارک لەسەر کاروچالاکییەکانیان بۆ ساڵی نوێ کۆبوونەوە و، بڕیاردرا بۆ ئەمساڵ قوتابخانەیەکی کوردی و تیپێکی وەرزشی کچان بکەنەوە.
دەستەی کارگێڕی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-دانیمارک، لە شاری کۆپنهاگن کۆبوونەوە، کە تێیدا سازان گروون بەرپرسی ناوەندەکە، لەسەر کاروچالاکییەکانی پێشوەختەی ناوەند دوا و، دواتر داوای لە بەرپرسی بەشەکان کرد ڕاپۆرت و پڕۆژەکانیان بۆ ساڵی 2023 بخەنەڕوو، ئەوانیش بەتیر و تەسەلی کاروچالاکییەکانی خۆیان و پڕۆژەکانیان بۆ ساڵی نوێ دایە دەستەی کارگێڕی و، بەشێک لەو پڕۆژانە گفتوگۆی تەواویان لەسەر کرا.
دواتر گفتوگۆ لەسەر ئەو چالاکییانە کرا کە لە یەک دوو مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێن، لەوانە هەشتی مارس و یادی هەڵەبجە و کردنەوەی ئاگری نەورۆز، چونکە پێشتر بڕیاربوو ناوەند ئاهەنگی نەورۆز ئەنجام بدات، بەڵام لەبەر بارودۆخی باکوور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان، سازکردنی ئاهەنگ هەڵوەشێندرایەوە و، بریاری ئەوە درا، تەنیا بە کۆبوونەوە و کردنەوەی ئاگر، جەژنی پیرۆزی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی بەرز رابگیردرێت.
جێی باسە، هەر لەو کۆبوونەوەدا لەسەر کاروچالاکییە وەرزشییەکان گفتوگۆکرا و پێشنیاری ئەوەکرا، کە تیپێکی تۆپی پێی کچان دابمەزرێت، هاوکات بڕیاری کردنەوەی قوتابخانەیەک بۆ فێربوونی زمانی کوردی بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی بکرێتەوە و، دوو لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-دانیمارک، وەک مامۆستای خۆبەخش ئامادەیی وانە ووتنەوەن و، لە ئایندەدا دەست بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە دەکرێت.