ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لەسەر ڕێگای بالکان کاردەکەن، بیرۆکەی دروستکردنی دیوارەکانی یەکێتی ئەوروپایان لە سنوورە دەرەکییەکان بۆ رێگری لە کۆچبەران، بە ناسەرکەوتوو وێنا دەکەن.
ڕێکخراوە ناحکومیەکان کە لەسەر ڕێگای بالکان کار دەکەن، دەڵێن، دیوارەکان بەتەنیا بەس نین بۆ ئەوەی رێ لە لێشاوی کۆچبەران بگرن و، بیرۆکەی وەزیرەکانی یەکێتی ئەوروپاش بۆ دروستکردنی دیوار بێ سوودە.
بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتی ئاژانسی سنووری ئەوروپا، فرانتێکس، ساڵی 2022 بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی لە ژمارەی گەیشتنی کۆچبەران بینیوە، بە نزیکەیی 330,000 پەڕینەوە لە سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپا، لەساڵی 2021ەوە 64٪ زیادی کردووە.
ئەو رێکخراوانە ئاماژەیان بەوەشداوە، کە بەڵگەنامەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سنوورەکانی یەکێتی ئەوروپا، سەبارەت بە توندوتیژی و گێچەڵکردن و هێرشکردنە سەر کۆچبەران لە ڕێگای ڕاڕەوی بالکان تۆمار کراون.
دانیال فریگێری توێژەر و بەڕێوەبەری سەنتەری سیاسەتی نێودەوڵەتی لەرێکخراوی سیزبی گوتی: کاتێک دیوارێک دروست دەکرێت کێشەکە لادەبرێت بەڵام زوو یان درەنگ دەگەڕێتەوە، چونکە لێشاوی کۆچکردن وەک ئاو وایە. کە هەمیشە ڕێگەیەک بۆ گەیشتن دەدۆزێتەوە.