گەنجێکی کوردی دەستگیرکراوی خەڵکی ئیلام، وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر پشتگوێخستنی دۆسیەکەی، لێوەکانی خۆی دووریەوە و مانی لەخواردن گرت.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، (١٤ی فێبریوەری ٢٠٢٣) ئارین کوخایی، تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی ئیلام، لە گرتووخانەی ناوەندی ئەو شارە، بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرت.
دۆسیەی ئەو گەنجە لەلایەن لێکۆڵەری دادگای گشتی شۆڕشی ئیلام لەگەڵ تۆمەتی “پێکهێنانی گرووپی تاوانکاری، تێکدان و هێز نیشاندان بە کەڵکوەرگرتن لە چەک و چۆڵ و تێکدانی نەزمی گشتی” ڕووبەڕوو بووەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەکان، ئارین کوخایی، لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ و لە دۆسیەیەکی دیکەدا، بە تۆمەتی “بێ ڕێزیکردن بە پیرۆزییەکان” لەلایەن دادگای تاوانەکانی ئیلام سزای پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندراوە.
شیاوی ئاماژەپێدانە، ناوبراو لە دەستبەسەرگەکانی ناوەندە حکوومەتییەکان، بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە خراونەتە پاڵی، بەشێوەیەکی بەردەوام لەژێر ئەشکەنجەدا بووە.