خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شار و ناوچە جیاوازەکان و بە چەندین هەڵوێستی نیشتمانی و مرۆڤدۆستانە، یارمەتییان بۆ هاونیشتمانییانی بوومەلەرزەلێدراوی شاری خۆی کۆکردووەتە.
لە ماوەی ڕابردوودا و لە پاش کارەساتی بوومەلەرزەی ٥.٩ رێختەری شاری خۆی و، لێقەومانی هاونیشتمانییانی ئەو شارە، پاش بانگەوازی چالاکوانانی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی کوردستان سەبارەت بە کۆکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی بومەلەرزەلێدراوی خۆی، خەڵکی بەهەڵوێستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چەندین کەمپەینی شار و ناوچە جیاوازەکان، یارمەتییان بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی شاری خۆی کۆکردووەتەوە و ڕەوانەی ئەو شارەیان کردووە.
لە درێژەی کەمپەینەکان و کۆکردنەوەی ئەو یارمەتییانەدا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا خەڵکی نیشتمانپەروەری شارەکانی کرماشان، سەلاسی باوەجانی، بانە، سەردەشت، دیواندەرە، بۆکان، شنۆ، سەقز، قەسرشیرین، سەرپێڵی زەهاو، نەغەدە، ورمێ، تیکاب، مەهاباد و چەند شار و ناوچەیەکی دیکەدا یارمەتییە مرۆییەکانیان گەیاندە خەڵکی لێقەوماوی شاری خۆی و، ئەم رەوتەش هەر بەردەوام دەبێت.
شایانی باسە، کە پێشتر ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، ناوەندی نووسەرانی کوردستان (ڕۆژهەڵات)، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ناوەندی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوخۆ و هەورەها چالاکان و کەسایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتیش لە چەندین ڕاگەیەندراو و بانگەوازی جیاوازدا، داوایان لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد وەک هەمیشە هەڵوێستی نیشتمانییان هەبێت و، بە هانای خەڵکی لێقەوماوی بوومەلەرزەلێدراوی شاری خۆیەوە بچن.