گەنجێک بە دەستی هێزە ئەمنییەکان شەهید دەکرێت

لاوێکی خەڵکی شاری سەقز بەهۆی گومان و وابێژیی “نووسی دروشم”، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران شەهید کراوە و، ناوەندە حکومەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەمەڵەکەشی کردووە، کە نابێت هەواڵی مەرگی کوڕەکەیان بڵاوبکرێتەوە.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ دوانیوەڕۆی شەممە، ٢٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١٨ی فێبریەی ٢٠٢٣)، لاوێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی موختار فەتحی، لە کاتێکدا لەگەڵ هاوڕێیەکەیدا لەناو ئوتۆمبێلێکدا بوون، لە نزیک ماڵەکەی خۆیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکانی ڕژێمی ئێران شەهید کراوە.

ناوەندە حکوومەتییەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێران، وابێژیی ئەوەیان کردووە کە موختار فەتحی لە ماوەی شەوانی ڕابردوودا بە دژی حکوومەت لە شوێنە گشتییەکان دروشمی نووسیوە و ناسێندراوەتەوە، بەڵام پاش دوو کاتژمێر ئەو هێزانە بە بنەماڵەکەیان وتووە؛ ئێمە بەهەڵە کوڕەکەی ئێوەمان کوشتووە و تەنانەت هەڕەشەیان لەو بنەماڵەیە کردووە، کە نابێت هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان بڵاوببێتەوە و، نابێت ئەو بنەماڵەیە لەو پەیوەندییەدا قسە بکەن.

ڕەنگە بە دڵت بن