بەریتانیا بەدەست زۆری داواکاری پەنابەری دەناڵێنێت، بۆ تێپەڕاندنی ئەم کێشەیە، حکومەت بڕیاریداوە هەزاران پەنابەر لە چاوپێکەوتن ببەخشێت و، تەنیا 50 پرسیار بە نامەیەک ئاڕستەی پەنابەران دەکات، کە وەڵامی بدەنەوە.
حکومەتی بەریتانیا 12,000 پەنابەر لە چاوپێکەوتن بەخشیوە و، لە جیاتی ئەوە، بە نامەیەک پەنجا پرسیاریان ئاڕاستە دەکات، تا ئەوانیش وەڵامیان بدەنەوە، وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، کە پشکنینی ئەمنی زۆرەملێ دەمێنێتەوە کە بەسەر هەموو پەنابەراندا سەپێنراوە و، ئەوانەی وەڵامی پرسیارەکان نادەنەوە، ئەوا مافی پەنابەرێتیان پێ نادرێت.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ وتیشی: “ئێمە کاردەکەین بۆ خێراکردنی پرۆسەی داواکانی مافی پەنابەری، بۆ ئەوەی خەڵک بۆ مانگ، یا چەند ساڵێک چاوەڕێ نەکەن، هاوکات هەر پەنابەرێکیش رەت بکرێتەوە، دەبێ دیپۆرت بکرێتەوە”.
بەگوێرەی راپۆرتێکی گاردیان، دەبێت 50 پرسیارەکە بە ئینگلیزی وەڵام بدرێنەوە و، داواکارەکانیش 20 ڕۆژیان لەبەردەمە بۆ تەواوکردنی.