پەیامێك بە بۆنەی 39 هەمین ساڵوەگەڕی ئەنفالی بارزانییەکان

کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەبۆنەی 39ەمین ساڵوەگەڕی ئەنفالکردنی بارزانیەکان پەیامێک بڵاوكردەوە، ئەمەش دەقەكەیەتی:

بەبۆنەی 39ەمین ساڵوەگەڕی ئەنفالکردنی بارزانییەکان و هێنانەوەی تەرمی 100 ئەنفالکراوی بارزانیەکان، کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پەیامێکیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، هەرچەندە ئەو تاوانە قێزەونە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە بە جینۆساید ناسێندراوە، بەڵام تا ئێستا ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی عێراق، بە فەرمی دانیان پێدانەناوە و قەرەبووی کەسوکارە سەربەرزەکانی ئەنفالکراوان نەکراونەتەوە.

ئەمڕۆ 31ی 7ی 2022، 39 ساڵ بەسەر تاوانی كومەڵكوژی و جینۆسایدكردنی بارزانییەكان تێدەپەڕێت، کە تێیدا هەشت هەزار هاووڵاتی بێتاوان کۆمەڵکوژ کران، ئەوەش بە پیلانێكی بەرنامە بۆ داڕێژراو لەلایەن ڕژێمی ڕووخاوی بەعس و، بە فەرمانی سەدام حسێن، شاڵاوی ڕەشبگیریی بارزانییەكانی لە كۆمەڵگەكانی هەریر، قوشتەپە، بەحركە و دیانا دەست پێ کرد و، بردنیان بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و لەوێ زیندەبەچاڵ و کۆمەڵکوژ کران.

هەرچەندە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە رێککەوتی 3-5-2011 بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکەی داوە، بەڵام بەفەرمی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە جینۆساید نەناسێندراوە و، حکوومەتی عێراقیش داوای لێبووردنی لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و بارزانییەکان نەکردووە و، قەرەبووی هیچیانی نەکردووەتەوە.

دوێنێ شەممە 30/7/2022 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، ڕێوڕەسمی گەڕاندنەوەی ڕووفاتی 100 ئەنفالکراوی بارزانی لە بیابانەکانی سەماوە بۆ هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

ئێمە وەک کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، ئەو تاوانە قێزەونە ئیدانە دەکەین، داواش لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین، هەرچی زووە حکوومەتی عێراق ناچار بکات، کە بچنە ژێر باری بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و داوای لێبوردن لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بکەن و قەرەبووش بکرێنەوە، لێرەوە سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی ئەنفالکراوان و کەسوکارە سەربەرزەکانیان دادەنەوێنین و هەمیشە هاوخەمیانین.

کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی

ڕەنگە بە دڵت بن