وێنەی بڕیارێکی ئاژانسی کۆچبەران مافی مانەوەی هەمیشەیی پەنابەرێکی کشاندۆتەوە و لە بەرانبەردا کاتی پێدراوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، ئەوەش بووەتە جێی نیگەرانی سەدان هەزار پەنابەر.
بەگوێرەی ئاژانسی کۆچبەران، ئەگەر هەر پەنابەرێک مافی مانەوەی هەمیشەیی هەبێت، دەتوانێت بۆ ماوەی یەک ساڵ لە دەرەوەی سوید بمێنیتەوە و، مۆڵەتی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی خۆی بهێڵیتەوە. ئەگەر ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە دەرەوەی سوید بیت، یا ئەگەر پلانی هەیە لە وڵاتێکی تر نیشتەجێ بێت، ئەوا ئاژانسی کۆچبەران دەتوانێت مافی مانەوەی هەمیشەییەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.
هەروەها ئەوەش هاتووە، کە ئەگەر هەر پەنابەرێک بە ئەنقەست زانیاری نادروستی لەکاتی داواکردنی مافی پەنابەرێتیدا دابێت، یا هەندێک بارودۆخ و زانیاری ئاشکرا نەکات کە ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە لە بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی هەمیشەیی، مافی پەنابەری هەمیشەییشی وەرگرتبێت، ئەوا لێی دەسەندرێتەوە.
ڕێککەوتننامەی تی دی ئۆ کە لەژێر سایەیدا حکومەتی ئێستا پێکهێنراوە، کار بۆ توندکردنی یاساکانی پێدانی مافی پەنابەری دەکات، لەو نێوندەشدا، پێدانی مافی پەنابەری هەمیشەیی بۆ کاتی دەگۆڕن، ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانبوونی سەدان هەزار پەنابەر لەو وڵاتە.