لە ماوەی دوو مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا، لانی کەم سزای سێدارەی ١٠٢ بەندکراو لە گرتووخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە، کە ٣٣ کەسیان هاوڵاتیی کورد بوون.
بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی، سزای سێدارەی لانی کەم ١٠٢ بەندکراو لە گرتووخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە، کە ٣٣ کەسیان کورد و ١٥ کەسیان بەلووچ بوون، بەپێی بەراورد نزیک بە نیوەی ڕێژەی لەسێدارەدراوەکانی ئەم دوو مانگە لە هەموو ئێراندا کورد و بەلووچ بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەم ماوەیەدا سزای سێدارەی ٥ بەندکراوی سیاسی کە ٢ کەسیان کورد، ١ کەس عەرەب، ١ کەس گیلەک و ١ کەسیش هاوڵاتییەکی ئێرانی-بەریتانی بووە، لە گرتووخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە، هەروەها هاووڵاتییەکی خەڵکی وڵاتی ئەفغانستانیش لە سێدارە دراوە.
زۆرترین ژمارەی لە سێدارە دراوەکان بە ٢٧ حاڵەت لە گرتووخانەی ئەلبۆرز تۆمارکراوە، هەروەها لە گرتووخانەکانی ئورمیە ٩ حاڵەت، کرمان ٧ حاڵەت و کرماشان ٦ حاڵەتی لە سێدارەدران تۆمار کراون.