کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە بۆنەی ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان، پەیامێکیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمی ئەو راپەڕینە مەزنەیە، هاوکات ئەوەشیان خستووەتەڕوو وێڕای دژایەتی کردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن دوژمنانی گەلی کوردەوە، بەڵام خۆڕاگری گەلی کورد و حکوومەت بەرامبەر ئەو تەحەدییانە، تواندراوە حکوومەتی هەرێم بپارێزرێت.
دەقی پەیامەکە:
یادی راپەڕینە مەزنەکەی 5ی ئاداری 1991ی گەلی کوردستانی باشوور دژ بە رژێمی دیکتاتۆری بەعس، کە لە شاری رانیەوە بەرپا بوو و سەرکەوتنی بە دەستهێنا، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت دوژمنانی گەلی کورد و کوردستان بە گشتی، هەمیشە بە جۆرەها شێواز دژایەتی بەرهەمی ئەو راپەڕینە مەزنەیان کردووە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام خۆڕاگری گەلی کورد و حکوومەتی هەرێم بەرامبەر هەموو ئەو دژایەتی و تەحەدییانە توانیویانە ھەرێمی کوردستان بپارێزن.
بۆ بۆنەی 32مین ساڵیادی راپەڕینەوە، پیرۆزبایی لەسەرجەم گەلی کورد دەکەین لەھەر شوێنێکی دنیادا بن، بە تایبەت لە کەسوکاری سەربەرزی شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەکەین، لەم یادە پیرۆزەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ سەرجەم شەھیدانی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی کورد دادەنەوێنین، چونکە قوربانی و خەبات و ڕاپەڕینی ئەوان بوو، کە کوردی لە ژێر دەستەیی و زوڵم و زۆری بەعسدا ڕزگارکرد، بەو ھیوایەی ئەم یاد و بۆنانە، وەک ھێمایەک بۆ ئازادی و بەرخودان و مانەوە، بەرز و پیرۆز ڕابگیرێن و، ببنە ھەوێنی برایەتی و تەبایی و یەکڕیزی و یەک دەنگی گەلی کورد، تا لە ئاکامدا خەونی گەورەی نەتەوەیمان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی کوردیدا بەدی بێت .
کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
05.03.2023
بابەتی داھاتوو
ڕەنگە بە دڵت بن