ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرێکی ئاماریدا بڵاوی کردووەتەوە کە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ئەم جارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، هەر لە دەستپێکەوە تا هەنووکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ١٣٤ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هیزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە شەهید کراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤیی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە: “بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەلایەن تیمی لێکۆڵینەوەی هەنگاو، هەر لە سەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە تاکوو ئێستە ١٣٤ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە سەرانسەری شارەکانی کوردستان و چەند شارێکی ئێران گیانیان لەدەست داوە”.
هەروەها ئەو ڕێکخراوەیە ڕایگەیاندووە؛ بەهۆی هێرشی هاژەکی و دڕۆنیی سوپای پاسداران بۆ سەر حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات لەناو خاکی باشووری کوردستان بە بیانووی ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان، ٢١ پێشمەرگە و ئەندامی ئەم حیزبانە و هاووڵاتییەکیی خەڵکی باشووری کوردستان شەهید بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت ١١٤ کەس و بەهۆی کوژران لەژێر ئەشکەنجەدا ٩ کەس، کوژران بەهۆی لێدانی باتۆم ٦ کەس، کوژران بە چەقۆ، بەهۆی خنکان بەهۆی گازی فرمێسکڕێژ، کوژران بە ژێرخستنی ئۆتۆمبێل، سێدارە و نادیاربوون هەرکام ١ کەس گیانیان لەدەست داوە.
هەروەها ڕێژەی ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە لە پارێزگاکانی کوردستاندا شەهید بوون لە ئورمیە ٤٩ کەس، سنە ٤٣ کەس، کرماشان ٢١ کەس، ئیلام ٢ کەس و لە پارێزگاکانی ئێرانیشدا لە تاران ٨ کەس، ئەلبۆرز ٦ کەس، خۆراسانی ڕەزەوی ٢ کەس، قەزوین، هەمەدان و مەرکەزی هەرکامیان ١ کەس شەهید بوون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە درێژەی ڕاپۆرتە ئامارییەکەیدا لەسەر شەهیدبوونی ژنان و منداڵان ڕایگەیاندووە: “لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا ٥ ژن و کچێکی منداڵ (٦ کەس) گیانیان لەدەست داوە کە سێ کەسیان بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان و سێ کەسی دیکەیان بە لێدانی باتۆم لەسەریان گیانیان لەدەست داوە. هەروەها ١٣ منداڵ و مێرمنداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ گیانیان لەدەست داوە”.
لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، سەرەڕای ئەو کوشتارە بەرفراوانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان دەستی پێ کردووە، چوار جاریش هێرشی هاژژەکی و دڕۆنیی کردووەتە سەر کەمپ و بارەگای حیزبە کوردستانییەکانی “دێموکرات، کۆمەڵە و پاک” لە قوڵاییی خاکی باشووری کوردستان و بەهۆی ئەم هێرشانەوە ٢١ پێشمەرگە و ئەندامانی ئەم حیزبانە کە دوو کەسیان ژن و کۆرپەیەکی یەک ڕۆژە و کەسێکیش کە هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری کۆیە سەر بە پارێزگای هەولێر بوون، شەهید بوون کە ٩ کەسیان پێشمەرگە و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ٨ کەسی دیکەیان پێشمەرگە و ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان بوون، هەروەها لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا بە دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
شایانی باسە کە بەرپرسانی سەربازیی ئەم حیزبانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم هێرشانە بە مەبەستی تۆڵەستاندنەوە و لە وەڵامی بانگەوازەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ مانگرتنی گشتی لە کوردستان ئەنجام دراون.