حکومەتی بەریتانیا کار بۆ دیپۆرتکردنەوەی دەیان هەزار کۆچبەر بۆ ڕواندا دەکات وەک بەشێک لە ڕێکەوتنێکی 120 ملیۆن پاوەندی (146 ملیۆن دۆلار) ساڵی ڕابردوو لەگەڵ ئەو وڵاتە کردوویەتی.
دوێنێ شەممە، سوێلا بریفەرمان وەزیری ناوخۆی بەریتانیا گەیشتە ڕواندا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو ڕێکەوتنەی، کە بۆ گواستنەوەی ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی دەگەنە بەریتانیا بنێرێتە ئەو وڵاتە.
ئەو وەزیرەی بەریتانیا کە لە بنەڕەتدا کۆچبەرە و خەڵکی هیندستانە، لەگەڵ ڤینسنت پێرۆتا وەزیری دەرەوەی ڕواندا کۆبووەوە و، لە کیگالی پایتەختدا ڕاگەیاند، کە ڕازی بووە بۆ پشتگیری زیاتر بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە ڕەوانەی ڕواندا دەکرێن.
وتیشی: “زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ڕووبەڕووی ژمارەیەکی بێوێنەی کۆچبەرانی نایاسایی دەبنەوە و، بە دڵسۆزیشەوە لەو باوەڕەدام کە ئەم هاوبەشییە پێشەنگە جیهانییە مرۆڤایەتی و میهرەبان و دادپەروەرانە و هاوسەنگە”.
پێرۆتا وتی پێشنیارەکان “دەرفەتی باشتر بۆ کۆچبەران و ڕوانداییەکان وەک یەک دابین دەکەن و، یارمەتی دەدا بۆ گەیشتن بە ئامانجی حکومەتی بەریتانیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.
تا ئێستا هیچ دیپۆرتکردنێک نەکراوە، لەگەڵ ئەوەی چالاکوانان بەرەنگاری یاساییبوونی سیاسەتەکە لە دادگادا بوون، زۆرێک لە خێرخوازیەکان دەڵێن ئەم پێشنیارە زۆر گران و نادروستە و هەزاران پەنابەری ڕاستەقینە دەچەوسێننەوە.
ئەو وەزارەتە وتیشی: “هەر کەسێک بە نایاسایی بێتە بەریتانیا- و نەتوانێت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی، دەگوازرێتەوە بۆ ڕواندا”.
سەرۆکوەزیران ڕیشی سوناک کە ئەویش بە ڕەچەڵەک کۆچبەری هیندییە دەڵێت دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کۆچکردنی نایاسایی یەکێکە لە ئەولەویەتیەکانی بۆ ساڵی 2023
بەگوێرەی زانیارییەکانی حکومەتی بەریتانیا، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 45 هەزار کەس بە بەلەمە بچووکەکان لە فەرەنساوە چوونەتە ناو بەریتانیاوە، کە زۆربەیان گەنجانی ئەلبانیا و ئەفغانستان و ئێران و عێراقن.