پڕۆژەیاسایەکی نوێی کۆچی فەرەنسا، ئاماژە بەوە دەدا، کە پێدانی مافی نیشتەجێبوون بە هەر پەنابەرێک، پێویستە زمانی ئەو وڵاتە بزانێت.
بەگوێرەی ئەو یاسایەی کە ئێستا لە کاردایە، تەنیا بەشداری کردن لە ڕاهێنانی زمان بۆ پێدانی مافی نیشتەجێبوونە کە لە نێوان 100 بۆ 150 کاتژمێردایە و، ئاستی یەکەم (A1) دەگرێتەوە.
دیدیە لێسکی، بەڕێوبەری نووسینگەی کۆچی فەرەنسا، دەڵێ: نەبوونی مافی نیشتەجێبوونی چەند ساڵەیی، مانای ئەوە نییە کە مۆڵەتی یەک ساڵی نیشتەجێبوون بەدەست نەهێنرێت، ئەم داواکارییە زمانییە بەنیاز نییە کە کەسەکان لە مافی نیشتەجێبوون بێ بەش بکات.
لێسکی بەرگری لە مەرجەکە کرد و وتی، دانانی ئامانجێک بۆ خەڵک ڕێگایەکە بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات و هاندانیان بدا زمان فێر بن.
هەروەها لە ڕێگەی یاسای نوێوە، حکومەتی فەرەنسا ئامانجیشی ئاسانکردنی دەرکردنی پەنابەرە تاوانبارەکانە لە وڵاتەکەی.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا سەدان کەس لە چەند پارێزگایەکی فەرەنسا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر یاسای نوێی پەنابەری و کۆچبەران، خۆپیشاندەران ئیدانەی کەش و هەوای گشتی سیاسی دژە کۆچبەرانی ئەو وڵاتەیان کرد.