بە بەشداری چالاکانەی نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، لە شاری ناشڤیل؛ پایتەختی ولایەتی تێنێسی، کە پتر لە 20 هەزار کوردستانی لێ دەژیین، لە رێورەسمێکی فەرمییدا، نەورۆز وەک چەژنێکی کوردستانی لەلایەن شارەوانی شارەکەوە لە رۆژمێری شاری ناشڤیل دا جێگیرکرا.
رۆژی دووشەممە، رێکەوتی 20ی مارسی 2023، مستەر کورد نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمەریکا و کەنەدا، لەگەڵ شارەداری ناشڤیل و بەرپرسانی دیکەی حکومەت گفتوگۆی کرد و، دەستخۆشی لە بە فەرمیی ناساندنی جەژنی نەورۆزی ئاڕاستە کردن و، پێشی راگەیاندن، کە کوردستانیان پێزانینی زۆریان بۆ ئەو هەنگاوە هەیە.
لەو رێورەسمەدا جوون کووپەر شارەداری ناشڤیل، سەرۆکی بۆردی دەستەخوشکی ناشڤیل، شارەداری پێشوو، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و، بەرپرسی لقی حەوتووی پارتی و، چەند کەسایەتی دیکە وتاریان پێشکەش کرد.
لەمەوپاش هەموو ساڵێک رۆژی نەورۆز لە ناشڤیل بۆ کوردستانیان پشوو دەبێت، ئەوان دەتوانن نەچنەوە سەر کار و ئەرکەکانیان، ئەگەر خۆیان بخوازن و داوا بکەن.
جوون کووپەر لای خۆیەوە، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی لەو هەڵوێستەی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، هاوکات داواکەی بە گرینگییەوە وەرگرت و بەڵێنی هەموو هاوکاری و پشتیوانیەکیدا.
جێی باسە، ئێوارەی هەمان رۆژ بۆ پشتیوانی پتر لە کوردستان و بە بۆنەی نەورۆزەوە ”پردی گیانبازانی کۆریا” بە رەنگەکانی ئاڵای کوردستان نەخشێندرا.