155 ڕێکخراو، کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی کورد لە سەروبەندی ئاهەنگی نەورۆز سەرکۆنە دەکەن، کە گرووپەکانی سەر بە تورکیا لە شاری جەندرێسی سەر بە عەفرین چوار هاوڵاتی سیڤلی کورد لەکاتی ئامادەکاری بۆ یادی نەورۆز، لەلایەن ملیشیاکانەوە تەقەیان لێدەکرێت و شەهید دەبن.
لە بەیاننامەکەدا ئەو رێکخراوانە، داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن، کە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی لە عەفرین و سەرتاسەری سوریا و، دەستبەجێ پێشێلکارییە بەربڵاوەکان لە بەرامبەریان ڕابگرێت، هەروەها داوا لە وڵاتانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا دەکەن، ئەو سزایانەی دژ بە لایەن و سەرکردەی کوتلە سەربازییەکانی سوریا دەرکراون، لە بەرامبەر توندوتیژی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، فراوان بکرێت، تا تەواوی ئەو ملیشیا و گرووپانەش بگرێتەوە.
لەکۆتایی بەیاننامەکەدا، داوا لە هاوپەیمانان و ئۆپۆزسیۆنی سوریا و حکومەتی کاتی سوریا و سەرجەم ئۆرگانە سیاسییەکانی ژێر چەتری سوریا دەکەن، بەرپرسیارێتی یاسایی و سیاسی و ئەخلاقی خۆیان سەبارەت بەو تاوانانەی لە عەفرین ئەنجامدراون هەڵبگرن و، داوای وەستاندنی پێشێلکارییەکانی ئەو گرووپە چەکداران دەکەن، هاوکات پشتگیری لە داواکارییەکانی دانیشتوانی ناوچەکە بکەن.
س،ح