لەبەرامبەر ئەو هەڵئاوسانە ئابوورییەی، کە ئەڵمانیا بەهۆی هێرشی داگیرکاری ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و، ئەو کۆمەڵە سزایانەی وڵاتانی ڕۆژئاواش دژ بە ڕوسیا گرتویانەتەبەر دووچاری بۆتەوە، هەروەها بەرزبوونەوەی کاڵاکانی پێدوایستی خۆراک و کەلوپەل، کە هەندێکیان زیاتر لە سەدا دووسەد بەرزبوونەتەوە، وەزیرێکی حکومەتی ئەڵمانیا لە لیستی سەوز، داوای بەرزکردنەوەی دەرماڵەی منداڵان دەکات.
لیزا باوس وەزیری کۆمەڵاتی لە حکومەتی ئەڵمانیا، هۆشداری لە بەرزبوونەوەی کاڵاکان کردووە، کە کاریگەری لەسەر ڕێژەی هەژاری دەبێت، بۆیە وەزیری ناوبراو، داوای زیادکردنی پێویستی دەرماڵەی منداڵان دەکات، تا هۆکارێک بێت بۆ هاریکاری خێزانەکان و کەمبوونەوەی ڕێژەی هەژاری لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیا دا.
ئاژانسی هەواڵی دی ڤی ئەڵمانیا، بڵاویکردەوە وەزیری کۆمەڵاتی، وتی: “مەترسی زیادبوونی هەژاری لەناو منداڵان زۆر گەورەیە، کەواتە ئێمە دەبێت بە پلانێکی گشتگیرانە و فراوان بەرەنگاری بینەوە”.
جێی ئاماژەیە، لە ئێستادا پارەی دەرماڵە بۆ منداڵی یەکەم و دووەم، 219 یۆرۆیە، بۆ منداڵی سێیەم 225 یۆرۆیە و، چوارەم 250 یۆرۆ دەستپێدەکات، بەڵام چاکسازی ئابووری لە دەرماڵەی منداڵ بە دووقۆناغ پێشنیار دەکرێت.
وەزیری دارایی ئەڵمانیا لە ئێستادا بەنیازە لە دوو قۆناغدا بەهای ئەم کۆمەکە زیاد بکات و، بۆ هەر منداڵێکی یەکەم و دووەم و سێیەم لە ساڵی داهاتوو، دەرماڵەی هەرمنداڵێک 227 یۆرۆ بێت و، چوارەم منداڵ 250 یۆرۆ، هەروەها بۆ ساڵی 2024 ڕێژەکە زۆرتر دەبێت بۆ منداڵی یەکەم و دووەم و سێیەم 233 یۆرۆ بێت.
سۆران حەسەن