مەرجەکانی پێدانی ڕەگەزنامە لەنێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا زۆر ئەستەم و جیاوازن، بەشێوەیەکی گشتی ئیسپانیا لە پێشەنگی وڵاتاندا بوو، کە لەماوەی ساڵی 2022دا، ڕەگەزنامەی بە 144 هەزار و 800 کەس بەخشیوە.
لە پلەی دووەم و سێیەمدا فەرەنسا و ئەڵمانیا دێن و ژمارەی بەخشینی رەگەزنامەیان زیاترە لە 130000، لە کاتێکدا ئیتالیا بە پێدانی 125500 رەگەزنامە لە پلەی چوارەم هات، پاشان سوید بە 89400.
بەدەستهێنانی ڕەگەزنامە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکەی نێو یەکێتیدا جیاوازە و، دەکرێت پرۆسەیەکی دوور و درێژ بێت.
بۆ نموونە لە یۆنان ئەو کەسانەی کە موڵکێک بە نرخی زیاتر لە نیو ملیۆن یۆرۆ دەکڕن، دەتوانن دوای حەوت ساڵ بەبێ مەرجی دیکە داوای هاوڵاتیبوون بکەن.
لە کاتێکدا لە دوورگەی ماڵتا، هاووڵاتیبوون لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە دەتوانرێت تەنیا دوای 18 مانگ بەدەست بهێنرێت، بەمەرجێک نرخی ئەو سەرمایەیانەی کە وەبەرهێنانیان کردووە، یا کڕینی خانووبەرە، دەگاتە 700,000 یۆرۆ.
لە نەمسا، دەبێت بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی 10 ساڵ نیشتەجێ بێت، پێش ئەوەی شیاوی ڕەگەزنامەی نەمسا بێت، وە پێش ئەوە دەبێت ئاستی ئەڵمانیت هەبێت (B2).
بە پێچەوانەوە، هۆڵەندا تا ئێستا لە نێوان ئاسانترین وڵاتانی ئەورووپیدایە بۆ پێدانی ڕەگەزنامە بە پەنابەران، وەک ئەوەی کە پێنج ساڵ بە ئاستی زمانی A2 بمێنیتەوە، بەسە بۆ بەخشینی ڕەگەزنامە و، بۆ فەلەستینیەکان، تەنیا مانەوەی سێ ساڵ بەسە.
هەرچەندە تا ساڵی 2022 سوید هێشتا لە لیستی نەتەوە ئاسانەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا بوو، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ دەست بکات بە توندکردنەوەی داواکارییەکانی هاوڵاتیبوون.