ئەوروپا بەم کارە زیان بە منداڵان و هەرزەکارانی پەنابەر دەگەیەنێت

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوێکی ئەوروپی، کە داکۆکی لە پەنابەران و کۆچبەران دەکات، دواکەوتن لە پرۆسەی داواکارییەکانی پەنابەری و جێبەجێنەکردنی بەرنامە پەروەردەییەکان بۆ پەنابەران لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر منداڵە پەنابەرەکان هەیە.

لە هەفتەی ڕابردووی ئازاری 2023دا، ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ پەنابەران،، هاوپەیمانی زیاتر لە 100 ڕێکخراوی ناحکومی لە 40 وڵاتی ئەوروپا، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە دواکەوتنی تۆمارکردنی داواکارییەکانی پەنابەری زیان بە منداڵەکانیان دەگەیەنێت.

ڕاپۆرتەکە زانیاری لەسەر دۆخی پێشوازیکردنی 20 وڵاتی ئەوروپا شیکردەوە و، ئەوەی بۆ دەرکەوت، کە پەنابەرانی منداڵ لە بنکەکانی دەستبەسەرکردندا، خوێندنی فەرمی قوتابخانە وەرناگرن.

بەگوێرەی ئی سی ئاڕ ئی، منداڵانی پەنابەر لە بولگاریا و یۆنان، بەهیچ شێوەیەک خوێندنی فەرمییان پێ ناوترێتەوە، لە کاتێکدا لە پۆڵەندا، پۆل بۆ ئەو منداڵانە ڕێکدەخەن، کە لە پەناگەکاندا دەژین.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی بەرزی منداڵان و هەرزەکاران و گەنجان لە نێو پەناخوازاندا، زۆر گرینگە بە زووترین کات مافی خوێندنیان بۆ مسۆگەر بکرێت، نەک تەنیا لە ڕووی پەروەردەیی زۆرەملێ، بەڵکو لە پەیوەندی بە خوێندنی ناوەندی و پیشەیی و زانستیشەوە.

ئی سی ئاڕ ئی هەروەها جەختی لەسەر گرنگی پەروەردە و ڕاهێنان کردەوە کە پەیوەندی بە تێکەڵبوونی سەرکەوتووەوە هەیە بۆ وڵاتی وەرگر، ئەمەش دڵنیایی دەدات لە بەشداریکردنی پەنابەران لە بازاڕی کاردا.

ڕەنگە بە دڵت بن