چارەنووسی هاوڵاتییەکی کورد نادیارە

بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری گیەڵانی سەر بە پارێزگای کرماشان، کە لە شاری تاران و لەلایەن هێزەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕفێندراوە، هێشتا لە گرتووخانەدایە و چارەنووسی نادیارە.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ عەلی پەرنۆی تەمەن ٥٧ ساڵی خەڵکی شاری گیەڵان، زیاتر لە سێ هەفتەیە لەلایەن هێزەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕفێندراوە و، هێشتا لە گرتووخانەدایە و چارەنوسی نادیارە.

هێزەکانی رژێم هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو لە شاری گیەڵان و، سەرەڕای پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەتییان گرتووە.

ناوبراو لە ناوەڕاستی مانگی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ و لە شاری تاران، لەلایەن هێزە  سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە و، بۆ گرتووخانەی ئێڤین گوازراوەتەوە.

ئەو هاوڵاتییە لە سەرەتاکانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٢۶٧٨ (١٩٧٨ی زایینی)، جارێکی دیکە بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانییەوە دەستبەسەر کراوە و ماوەیەک لە گرتووخانەدا بووە.

ڕەنگە بە دڵت بن