رۆژی یەکشەممە، رێککەوتی ٢ی ئاپریلی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی راستەوخۆی مستەر کورد، نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمەریکا و کەنەدا، كۆنفڕانسی ناوەندی ڕەوەندی كوردستانی لە شاری تورۆنتۆ لە وڵاتی کەنەدا بەسەركەوتوویی بەڕێوەچوو.
سەرەتای كۆنفڕانسەكە بە راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستی پێكرد. دواتر سەرتیپ كاكەیی چالاكڤانی كوردستانی وێڕای بەخێرهێنانی نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی و ئامادەبووان، ریزبەندی بەرنامەکەی خوێندەوە، پاشان داوای لە رەحیم رەشیدی نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی کرد تاکوو سەبارەت بە دواین کارو پڕۆژەکانی کۆنفدراسیۆن قسە بۆ ئامادەبووان بکات.
رەشیدی وێرای سپاس و بەخێرهاتن کردنی ئامادەبووان و هاوکاریەکانی ماڵی کورد، دەربارەی بەرنامەو پڕۆژە نەتەوەییەکانی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لەسەر ئاستی جیهان بەگشتیی، ئەمەریکای باکوور، ئەورووپاو رووسیا بە تایبەتی بە وردی قسەی بۆ ئامادەبووان کردو بایەخی ئەو هەنگاوەی لە گۆشە نیگای جیاوازەوە شیکردەوەو رایگەیاند کۆنفیدراسیۆن بە ئامانجی کۆکردنەوەی کوردستانیان و یەکخستنی هێزو تواناکان لە پێناو خزمەت بە کوردستان دامەزراوە.
مستەر کورد بە پێداگیرییەوە باسی لەوەکرد ناوەندی رەوەندی کوردستانی، وەک ناوەندێکی چڤاکی سەربەخۆ بۆ خزمەت بە دۆزی کوردستان کار دەکات، هاوکات ناوەندەکە هەوڵ دەدا کۆکەرەوەی زۆرترین رێژەی کوردستانیان بێ بۆ خزمەتی دۆزە ڕەواکەمان، لەم بوارەدا بە بەرنامەی زانستی و سەردەمیانە تێدەکۆشێ تا رەوەندەکەمان بەشێوەیەکی ئەمرۆیی کەڵک لە بوارو دەرفەتە یاساییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا وەربگرێت، هەروەها لەو وڵاتانەدا کاراو چالاک بێت و ببێتە چەتری کۆکەرەوەی هەموو ئەوانەی باوەریان بە پڕنسیپە نەتەوەییەکان هەیەو لەم پێوەندییەدا هێڵە گشتییەکانی کۆنفیدراسیۆنی شیکردەوە کە باوەرمەند بوون بە ئاڵای کوردستان، پێشمەرگەو هێما نەتەوەییەکان و خەبات بە رزگاری نەتەوەیی و تێکۆشانی یاسامەند و ئاشتیخوازانەیە.
نوێنەری كۆنفدراسیۆن لە بەشێکی دیکە قسەکانی دا باسی لەوە کرد بە جیددی لەسەر نەوەكانی دووهەم و سێهەم و دواتری كوردستانی لە تاراوگە كار دەكەن و هەوڵ دەدەن کوردستانیان پتر لە ناوەندی و گرێچنی سیسەمی وڵاتانی رۆژئاوایی دا جێگای خۆیان بکەنەوەو تاکوو لەم رێگاوە باشترو بەربڵاوتر پشتوانی زۆرتر بۆ دۆزی رەوای کوردستان ساز بکەن. رەشیدی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا پەرژایە سەر دوایین سەفەری دەستەی بەرێوەبەری کۆنفیدراسیۆن بۆ کوردستان ولەم بارەوە ئاماژەی بە دیدار لەگەڵ جەنابی کاک مەسعوود بارزانی کردو ئاماژەی بەوەدا کە جەنابیان داوای کردوە لە چوارچێوەی یاسای ئەو وڵاتانەدا تێبکۆشن و هەوڵ بدەن کوردایەتی بکەن و بۆ یەکریزی کوردستانیان کار بکەن و بایەخ بە لاوانی کوردستانی و هێزو تواناکانیان بدەن و رووحی کوردستانیان تێدا بەهێز بکەن.
دواتر د. فەریدوون رەحمانی مامۆستای زانکۆو یەکەمین سەرۆکی ماڵی کورد لە تورۆنتۆو هەروەها ئەیبووب عەبدوڵاپوور چالاکڤان لەسەر باشترکردنی کارو پڕۆژەکانی رەوەندی کوردستانی لە کەنەدا قسەیان کرد. ئەوجار چەتۆ وانی سەۆرکی ماڵی کورد داوای لە هەموو کوردسانیان کرد لەو قۆناغەدا دەست لە نێو دەست لە پێناوی کوردستان بە گشتیی و بۆ جۆشدانی شۆرشی ژینا بە تایبەتی پێکەوە تێبکۆشن.
ئەوجار لە کەشوهەوایەکی ئازادو دێموکراتیکدا ئامادەبووان دیدو پێشنیارو رەخنەکانی خۆیان هێنایە بەرباس و لە بڕگەیەکی دیکەدا نوێنەری کۆنفیدراسیۆن بەرێزەوە وڵامی رەخنەکانی دایەوەو راگەیاند کە رەخنەو تێبینییەکان بە دڵسۆزی و لە پێناو گەشەدان بە کاری کۆنفیدراسیۆندا شرۆڤە دەکات.
لە دواین برگەی کاری کۆنفرانسداو بە رەزامەندی سەرجەم ئامادەبووان لە هەڵبژاردنێکی ئازادو دێموکراتیکدا بە رەزامەندی ٧ ئەندامی سەرەکی و سێ جێگر بۆ راپەراندنی کاروباری رەوەندی کوردستانی لە تورۆنتۆو دەورووبەری هەڵبژێردران و لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەندامانی دەستەی بەرێوەبەری ناوەدنی تورۆنتۆ کارو بەرپرسایەتییەکان بە پێی هەڵبژاردن و بە چاوەدێری راستەوخۆی رەحیم رەشیدی بەم جۆرە دیاری کران:
١. سەرتیپ کاکەیی – سەرۆک
٢. ئەیبووب عەبدوڵاپوور – جێگری سەرۆک
٣. ئەمیر موحەممەدی – دارایی
٤. مێلودی قادەری – پێوەندییە بیانییەکان
٥. عەلی ئێسحاقی – پێوەندییە کوردستانییەکان
٦. پەیام بابازادە – راگەیاندن
٧. ئەحمەد موحەممەدی – رێکخستن و کاروباری گشتیی
هاوکات ئەم کەسانەش وەکوو یاریدەدەری ناوەند دەست نیشان کران :
١. بەشیر سەنگاوی
٢. لالۆ عەبدی
٣. نەوزاد فاخری
پێویستە بگوترێ جیا لە کوردانی هەرچوار بەشی کوردستان و پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان، هاوکات نوێنەرانی سەرەکی پارتی دێموکراتی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە رێکخراوی حیزبی کۆمونیستی ئێران و سەرۆکایەتی ماڵی کورد لە تورنتۆ بەشداری کۆنفرانسەکە بوون.