هونەرمەندێکی بەناوبانگی سویدی بە ناوی کارۆلا، هەڵوێستێکی توندی بەرانبەر پەنابەران دەربڕی، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە لەکاتی شەپۆلی پەنابەرانی ساڵی 2015دا یەکێ بووە لە دیارترین ڕوخساری سویدییەکان پێشوازی لێکردوون.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سڤێنسکا داگسبلادێت، هونەرمەندەکە باسی لە کلتور و ئایدۆلۆژیای پەنابەران کردووە کە گەیشتوونەتە سوید، ئەوەش بە کوشتن و درۆ و پەیوەندیان بە زیادبوونی تاوان و تەقەکردنەوە هەیە.
ئەو ئاماژەی بە پێویستی پاراستنی کلتوری سویدی و نەریتە مەسیحییەکانی وڵاتەکەی کرد و، ڕەخنەی لەو گۆڕانکارییانە گرت کە بەسەر کۆمەڵگادا سەپێنراون.
هەڵوێستەکانی کارۆلا بە خۆشحاڵییەوە لەلایەن ڕاستڕەوەکانەوە پێشوازی لێکراوە.
هەندێکی دیکە، لەنێویاندا ڕۆژنامەنووسان، ڕەخنەیان لە هەڵوێستە توندڕەوەکانی کارۆلا و ئەو ڕق و کینەیە گرت کە لە چاوپێکەوتنەکەدا ڕەنگی داوەتەوە.
کارۆلا لە ئینستاگرام داوای لێبوردنی کرد بەهۆی چاوپێکەوتنەکەیەوە و گوتی بە هەڵە تێگەیشتووە و، نووسیویەتی: داوای لێبوردن لە ئازاردانی زۆر کەس دەکەم”.
کارۆلا یەکێکە لە بەناوبانگترین کەسایەتییە هونەرییەکانی سوید و، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەستی بە کاری هونەری کردووە و، ملیۆنان ئەلبوومی لە سوید و دەرەوەی وڵات فرۆشراوە.
کارۆلا پێشتر بە کارە مرۆییەکانی لە یارمەتیدانی پەنابەران ناسراوە، لەساڵی 2015 بۆ یارمەتیدانی ئەو پەنابەرانەی لە یۆنان گیریان خواردووە سەردانی کردوون و. ماڵەکەی بۆ خێزانە پەنابەرەکان کردۆتەوە.